سەردێڕ:

وەزیری دەرەوەی تاڵیبان گەیشتە تاران

AM:08:29:09/01/2022

2748 جار خوێندراوەتەوە

لەیەکەم جوڵەی دبلۆماسیدا بۆ دەرەوەی خۆی، شاندێكی حکومەتی تاڵیبان گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران بە مەبەستی گفتوگۆ و دانوستان لەبارەی هەردوو دۆسیەی ئابوری و سیاسی.


شاندێکی حکومەتی تاڵیبان سەرۆکایەتی ئەمیر خان موتتەقی، وەزیری دەرەوە، گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران.

لەلایەن خۆیەوە، عەبدولقەهار بەڵخی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی بزووتنەوەکە، لە زنجیرەیەک تویتدا ئاشکرای کرد، شاندەکە لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆکایەتی ئێراندا لەسەر پرسە سیاسی و ئابورییەکان و ئالوگۆڕیی بازرگانی نێوان دوو وڵات دەکەن.

ئاماژەی بەوەشدا، موتتەقی لەگەڵ سەرۆکایەتی ئێراندا کۆدەبێتەوە تایبەت بە پرسی ئەو پەنابەرە ئەفغانییانەی لە ئێران نیشتەجێن.

ئەوەشی خستەڕوو، سەردانەکەیان بە بانگهێشی حکومەتی ئێران بووە.

هەروەها، سەعید خەتیب زادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، ئێمە لەم سەردانەدا بەشێوەیەکی فەرمی داننانێین بە حکومەتەکەی تاڵیباندا.

وتیشی، هیواخوازن حکومەتی تاڵیبان بتوانێت بەو ئاراستەیە هەنگاوبنێت کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دانی پێدا بنێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، تا ئێستا بە فەرمی هیچ دەوڵەتێک دانی نەناوە بە حکومەتەکەی بزوتنەوەی تاڵیباندا و بەمەش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی حکومەتی نوێی ئەفغانستان دانی پێدانەنراوە. بەمەش لە ئێستادا ئەو وڵاتە بە قەیرانێکی قورسی ئابوری و مرۆییدا تێدەپەڕێت.













گەلەری