سەردێڕ:

خۆپیشاندان لە کازاخستان بەردەوامە.. خۆپیشاندەران پەیکەری سەرۆکی پێشووی وڵاتییان روخاند

PM:10:27:08/01/2022

5444 جار خوێندراوەتەوە

گرژی و ئاڵۆزییەکانی کازاخستان بەردەوامە و خۆپیشاندەران سورن لەسەر ئەنجامدانی چاکسازی سەرتاسەریی لە وڵاتەکەدا.


ئاڵۆزیەکانی کازاخستان پێیانایە قۆناغێکی نوێوە دوای ئەوەی خۆپیشاندەران لە شاری نورسوڵتانی پایتەخت پەیکەری سەرۆکی پێشووی وڵاتییان روخاند و سورن لەسەر ئەنجامدانی گۆڕانکاری و باشکردنی ژیانیان.

لە بەرامبەردا، لەسەر داوای قاسم جومارت سەرۆکی کازاخستان، هەر زوو روسیا ژمارەیەک سەربازی رەوانەی کازاخستان کرد بە مەبەستی هاوکاریکردنی هێزە ئەمنییەکان لە دامرکاندنەوەی خۆپیشاندانەکان، هێزەکانی روسیا لە شارەکانی ئەلماتی پێگەی دەستپیکردنی خۆپیشاندانەکان و شاری نورسوڵتانی پایتەخت بڵاوەیانپێکرا.

لە لێدوانێکدا، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەرپرسانی کازاخستانی ئاگاداکردەوە لە مەترسیەکانی رێگەدان بە بڵاوکردنەوەی سەربازی روسی لە خاکەکەیان و رایگەیاند، ئەگەر ئەو سەربازانە لە کازاخستان جێگیربن دواتر پاشەکشەپێکردنیان قورس دەبێت.

لای خۆیەوە، کۆشکی کریملن لێدوانەکانی بلینکنی رەتکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، ئەو هێزانە بۆ پاراستنی ئاشتی کازاخستان نێردراون و ماوەی مانەوەیان لەو وڵاتە سنوردارە.

کۆشکی کریملین باسی لەوەشکردووە، کە سەرۆکی روسیا و سەرۆکی کازاخستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە و دوایین گۆڕانکارییەکانی کازاخستانیان تاوتوێ کردووە. 

وەک هەوڵێک لە دژی پەیوەندیکردنی ژمارەیەک سەربازی وڵاتەکەی بە خۆپیشاندەرانەوە، سەرۆکی کازاخستان فەرمانی دەستگیرکردنی ژمارەیەک بەرپرسی پۆلیسی و کەریم ماسیۆڤی بەرپرسی دەزگای دژە تیرۆری بە تۆمەتی خیانەت و دەستێکەڵکردن لەگەڵ هێزەکانی دەرەوەدا.

ماوەی هەفتەیەکە خەڵکی کازاخستان دژی بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی دەستیان بە خۆپیشاندان کرد و بەپێی راپۆرتی چاودێرانیش تا ئێستا نزیکەی ٨٠ پۆلیس و سەدان خۆپیشاندەر بەهۆی رووبەڕووبوونەوەوە کوژراون.

کازاخستان یەکێکە لەو وڵاتانەی بە کانزای سروشتی وەک یۆرانیۆم و گازی سروشتی و نەوت دەوڵەمەندە و هیچ سنورێکی بەسەر ئاوەوە نییە، لە ساڵی ١٩٩٠ لە یەکێتی سۆڤیەت جیابووەوە و سەربەخۆی خۆی وەگرت و لە ئێستاشدا بە هاوپەیمانێکی نزیکی روسیا دادەنرێت.













گەلەری