سەردێڕ:

لە ٨٠ وەزیری خانەنشینکراو تەنھا ٣٢ دانەیان پلەی وەزیریان ھەیە

PM:10:51:28/07/2021

9808 جار خوێندراوەتەوە

جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ئەگەر پرۆژەی چاکسازی وەک خۆی جێبەجێ بکرێت ٦٠ تا ١٠٠ ملیار دینار بۆ گەنجینەی حکومەت دەگەرێتەوە. دەشڵێت، "خەڵکێکی زۆر لە هەرێم بە پلەی باڵا و نایاسایی خانەنشین کراون".


سەعید هەرکی جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی کوردستان بەدەنگی ئەمریکای راگەیاند، ئەو کەسانەی کە پێیان دەڵێن پلە باڵا، پێکهاتوون لە بەڕێوەبەری گشتی و راوێژکار و وەزیر و بریکاری وەزیر و پەرلەمانتار. دەشڵێت، "کۆمەڵێک لەو خەڵکەی کە کاتی خۆی خانەنشین کراون لەوانەیە رۆژێک لە رۆژان ئەو وەزیفەیەی نەبینیبێت".

ئاماژەی بەوەشداوە، کۆی گشتی خانەنشینی پلە باڵا هەزار و ٤٧٠ کەسن، جگە لە ئەندامانی پەرلەمان کە ئەوانیش ٤٣٠ کەسن، بەمەش هەزار و ٩٠٠ کەس بە پلەی باڵا خانەنشین کراون.

سەعید هەرکی ئەوەشی خستووەتەڕوو، ١٨٩ وەزیری خانەنشین هەن و وردبینی لەسەر ٨٠ دۆسییە کراوە، دەرکەوتووە تەنها ٣٣ کەس پلەی حەقیقی وەزیریان هەیە. لەبەرامبەردا، ١٦٨ کەس بە بریکاری وەزیر خانەنشین کراون. وردبینی لە دۆسییەی ١٤٨ کەسدا کراوە لەوانە ٦٧ کەس پلەی فعلی بریکاری وەزیریان هەیە و ٨١ کەسیش لە دۆسییەیان نییە و هیچ مامەڵەیەکی سەرەتاییان نییە.

لە درێژەی لێدوانەکەیدا جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای دەکات، ٣٤٢ راوێژکاری خانەنشین هەن. وردبینی بۆ دۆسییەی ٣٣١ کەس لەوانە کراوە و تەنها ١٧٧ کەسیان مەرجەکانی راوێژکاربوونیان تێدا هەیە و ١٥٤ کەسی دیکەش مەرجی راوێژکاریان تێدا نییە.

لەبارەی ئەو کەسانەی وەک بەڕێوەبەری گشتی خانەنشین کراون باس لەوەدەکات، ٧٧١ کەس وەک بەڕێوەبەری گشتی خانە نشین کراون و وردبینی بۆ دۆسییەی ٧٥٦ کەس کراوە وتەنها ٣٠٩ کەسیان بەڕێوەبەری فعلین و ٤٤٧ کەسی دیکەیان مامەڵەی سەرەتایی و دۆسییەیان نییە و ئەو پلەیەیان نەبینیوە.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا لەبارەی ئەو داهاتەوە کە بۆ گەنجینەکانی حکومەت دەگەڕێتەوە، سەعید هەرکی جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی کوردستان راشیگەیاند، ئەو موچەی کە بە پلە باڵاکان دەدرێت چوار ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دینارە کە حکومەتی هەرێم دەیدات بە هەزار و ٩٠٠ کەسی پلە باڵا. دەشڵێت، "ئەگەر پرۆژەی چاکسازی وەک خۆی جێبەجێ بکرێت پێشبینی دەکەم دوو ملیار بۆ سەرەوە بۆ گەنجینەی حکومەت بگەڕێتەوە تەنها لە پلە باڵاکان و ئەگەر پرۆژەکە وەک خۆی بە دروستی جێبەجێبکرێت پێشبینی دەکەم لە نێوان ٦٠ تا ١٠٠ ملیار بۆ خەزینەی حکومەت دەگەڕێتەوە."

ئەمە لەکاتێکدایە، حکومەتی هەرێم بەردەوام باس لە قەیرانی دارایی و کەمی داهات و نزمی نرخی نەوت دەکات و لە ساڵی ٢٠١٤ەوە موچەی فەرمانبەرانی بە پاشکەوتکردن و لێبڕینی ڕێژەوە داوە بە موچەخۆران و ژیانی لەسەر خەڵکی ئاسایی سەخت کردووە.












گەلەری