سەردێڕ:

سەدر پەیامێکی ئاراسەتەی گروپە چەکدارەکان کرد

PM:02:04:08/01/2022

10848 جار خوێندراوەتەوە

موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر رایگەیاند، هیچ جێگەیەک بۆ گروپە چەکدارییەکان نەماوەتەوە و هەموو لایەکمان پشتیوانی سوپا و پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان دەکەین.


ئەمڕۆ شەممە، موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر لە تویتێکدا رایگەیاند، "ئەمڕۆ هیچ شوێنێک بۆ تائیفی و جیاکاری ئتنیکی نەماوەتەوە".

دەشڵێت، بەڵکو حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی کە شیعەیەک بەرگری بکات لە مافی کەمینەکان و سوننە و کورد. کوردێک بەرگری بکات لە مافی کەمینەکان و سونە و شیعە، سونەیەکیش بەرگری بکات لە کەمینەکان و شیعە و کورد.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەمڕۆ هیچ جێگایەک بۆ گەندەڵی نەماوەتەوە، هەموو پیکهاتە و تایفەکان پشتگیری لە چاکسازی دەکەن.

لە بەشێکی دیکەی تویتەکەیدا هاتووە، هیچ شوێنێک بۆ گروپە چەکدارەکان نەماوە و هەموو لایەک پشتیوانی لە سوپا و پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان دەکەن.

لە کۆتایی تویتەکەیدا، موقتەدا سەدر دەڵێت، "ئەمڕۆ هەموومان و گەل پێکەوە دەڵێین، نەخێر بۆ پاشکۆیەتی، بڕیارەکانمان بڕیارێکی شیعی سونی کوردی تورکمانی کریستیانی فەیلی شەبەکی ئیزدی سابیئییە.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ هەینی، موقتەدا سەدر لە تویتێکیدا ئاماژەی بەوەدا، "ئیرادەی خەڵکی عێراق لەسەروو هەموو فشارە دەرەکییە رۆژهەڵاتی و رۆژئاواییەکانەوەیە و خواستی خەڵک بۆ دروستکردنی حکومەتێکی زۆرینیەی نیشتیمانییە."

وتیشی، "هیچ فشارێکی دەرەکی لە ئامانجی سەرەکی لامان نادات و هەموو هەڕەشەکانیش وادەکان ئێمە زیاتر خواستمان بۆ بنیاتنان و پێشکەوتن و سوربوونمان بۆ عێراقێکی پێشکەوتووتر بەرەو دیموکراسی، عێراقێکی ئازاد و دادپەروەر هەبێت."

بەپێی ئەنجامە کۆتاییەکانی ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەمی رابردوو، رەوتی سەدر بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر بە بەدەستهێنانی ٧٣ کورسی بووەتە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکە.

لە دوای ئەوەیش، هاوپەیمانی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی ٣٧ کورسی، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی ٣٣ کورسی، هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری ١٧ کورسی و هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر ١٤ کورسییان بەدەستهێناوە.

لە ناو هێزە کوردییەکانیشدا، پارتی بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی ٣١ کورسی، یەکێتیی بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی ١٨ کورسی.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەگەڵ بزوتنەوەی ئیمتیداد و چەند پەرلەمانتارێکی سەربەخۆدا لە ١٤ی كانونی یەكەمی ٢٠٢١ دا، هاوپەیمانی لەپێناو خەڵک"یان بەسەرۆکایەتی شاسوار عەبدولواحید پێکهێنا، کە خاوەنی ٢٨ کورسی پەرلەمانیە.













گەلەری