لە ئێستادا مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراق، لەگەڵ نزیک بوونەوەی وادەی سازکردنی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان، بە ئەگەرێکی زۆرەوە بەختی دووبارە دانانەوەی بەسەرۆک وەزیرانی عێراقی هەیە.
ئاراستەی رێڕەوی فراکسیۆن و قەوارە سیاسییەکانی عێراق بەرەو دوو جەمسەردا دەڕوات، یەکەمیان رەوتی سەدر و هاوپەیمانی تەقەدوم و پارتی دیموکرات لە خۆی دەگرێت کە خاوەنی ١٦٣ کورسی پەرلەمانین.
ئاراستەی دووەم بریتییە لە چوارچێوەی هەماهەنگی کە لە نوری
مالیکی سەرۆکی لیستی دەوڵەتی یاسا و هادی عامری و فالح فەیاز سەرۆکایەتی دەکەن و چەند
حزبێکی دیکەی شیعە پێکهاتووە.
رۆژی هەینی، موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر لە تویتێکدا
ئەوەی خستەڕوو، "ئێمە هیچ خواستێکی سیاسیمان نییە و ئەوەی بۆمان گرنگە نیشتیمانەکەمانە
و خۆشەویستیشمان بۆ نیشتیمان لە ئیمانەوەیە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "هیچ فشارێکی دەرەکی لە
ئامانجی سەرەکی لامان نادات و هەموو هەڕەشەکانیش وادەکان ئێمە زیاتر خواستمان بۆ
بنیاتنان و پێشکەوتن و سوربوونمان بۆ عێراقێکی پێشکەوتووتر بەرەو دیموکراسی، عێراقێکی
ئازاد و دادپەروەر هەبێت."
لەلایەن خۆشییەوە، سەڵاح جبوری وتەبێژی هاوپەیمانی عەزم،
کە خەمیس خەنجەر سەرۆکایەتی دەکات و خاوەنی ١٤ کورسی پەرلەمانین، رایگەیاند،
"هیوادارین ئەو کەسانە هەڵبژێردرێن کە توانایان هەیە قۆناغەکانی داهاتوو و
ئاستەنگەکانی بەڕێوەبەرن."
ئاماژەکان بە ئاراستەی دووبارە دانانەوەی کازمین لە
پۆستی سەرۆک وەزیران
موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی سەدر، ئارەزوی ئەوە دەکات
یەکێک لە شوێنکەوتوانی خۆی بکاتە سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەڵام ئەمە کارێکی ئاسان
نابێت لە کاتێکدا ئەو قەوارە و هاوپەیمانێتییانەی نزیک لە ئێرانەوە رەتی دەکەنەوە،
بەمەش ناچار دەبێت کەسێک کاندید بکات هەموو لایەنەکان قەبوڵیان بێت.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی
ئێستای عێراق سەردانی شاری نەجەفی کرد و لە ناوچەی حەنانە لە شوێنی مانەوەی
موقتەدا سەردا لەگەڵی کۆبووەوە، رێگە نەدرا رۆژنامەنوسان و دەزگاکانی راگەیاندن
کۆبوونەوکە روماڵ بکەن کە کاتژمێریکی خایاند.
ئاماژەکان و پێشبینییەکان بۆ ئەوە دەچن کە باس لە
دانانەوەی کازمی کرابێت بۆ خولی دووەمی سەرۆک وەزایرانی و لە کۆبوونەوەکەشدا تەنها
"موشریق عەباس" راوێژکاری سیاسی کازمی ئامادەی بوو.
لە ئێستادا نزیکبوونەوەی مستەفا کازمی لە رەوتی سەدر
بەشێوەیەکی بەرچاو تێبیدەکرێت، ئەمەش پرسیارەکان بەو ئاراستەیەن کە ئایا سەدر گڵۆپی
سەوزی بۆ دووبارە دانانەوەی کازمی هەڵدەکات و داوای لێدەکرێت حکومەتی نوێی عێراق
پێکبهێنێت؟
گەیشتنی کازمی بە پۆستێکی باڵای حکومەت و شوێن کردنەوەی
خۆی لە گۆڕەپانی سیاسەتدا و ئەو کارو هەنگاوانەی لەماوەی سەرۆک وەزیرانیدا نا، بەتایبەتی
لەچەند مانگی رابردوودا و توانای کۆنتڕۆڵکردنی جڵەوی رووداوەکان لە وڵاتیکدا
زۆرترین ناسەقامگیری و رووداوی سیاسی تێدایە، ئەگەری دووبارە دانانەوەی بەهێرتر
کردووە.
مستەفا کازمی، کەسایەتییەکی سەربەخۆیە و پەیوەندی لەگەڵ
هیچ پارتێکی عێراقیدا نییە و لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٦ پۆستی سەرۆکی هەواڵگری
پێدرا و لەماوەی دەسەڵاتدارێتی حەیدەر عەبادی لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ – ٢٠١٨ لە
پۆستەکەیدا مایەوە.
دوای ئەوەی لە ٧ی ئایاری ٢٠٢٠ وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق
دانرا رایگەیاند، "ئەو نەهاتووە تا ببێتە خاوەنی پرۆژەیەکی سیاسی، بەنیازیش
نیە ببێتە خاوەنی پرۆژەیەکی سیاسی".