سەردێڕ:

هاوپەیمانی عەزم: دەبێت ئەم کەسانە بۆ پۆستە ئیدارییەکان هەڵبژێردرێن

PM:11:35:07/01/2022

5792 جار خوێندراوەتەوە

رۆژی یەکشەممە یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت و ئەو هێزانەی دەیانەوێت لە حکومەتی عێراقدا بەشداری بکەن و پۆست وەربگرن کۆبوونەوەکانیان چڕکردووەتەوە و لە هەوڵی یەکلاکردنەوەی کاندیدەکانیاندان، لەوبارەیەوە، هاوپەیمانی عەزم دەڵێت، "هیوادارین ئەو کەسانە هەڵبژێردرێن کە توانایان هەیە قۆناغەکانی داهاتوو و ئاستەنگەکانی بەڕێوەبەرن."


سەڵاح جبوری وتەبێژی هاوپەیمانی عەزم (کە خەمیس خەنجەر سەرۆکایەتی دەکات و خاوەنی ١٤ کورسی پەرلەمانین) رایگەیاند، هاوپەیمانێتییەکەیان هیواخوازە لە یەکەم دانیشتنی پەرلەماندا لێکتێگەیشتنێک هەبێت بۆ دیاریکردنی کەسایەتی خاوەن توانا و شایستە بە پۆستەکان کە بتوانن ئیدارەی قۆناغی داهاتوو و چارەسەرکردنی گرفتەکان بدەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئێستا هاوپەیمانی عەزم بە فەرمی هیچ کەسێکی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێشنیاز نەکردووە.

سەڵاح جبوری باسی لەوەشکردووە، "سەرنجی هاوپەیمانێتییەکەمان لەسەر ئەوەیە لەگەڵ هێزەکانی دیکەدا بتوانین یەکەم دانیشتنی پەرلەمان لە کەشێکی ئارامدا بەڕێبکەین."

هەر ئەمڕۆ، خالید عوبەیدی وەزیری پێشووتری بەرگری عێراق و یەکێک لە کاندیدەکان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پێکهاتەی سوننەکان کشانەوەی خۆی راگەیاند.

تا ئێستا محەممەد حەلبوسی سەرۆکی هاوپەیمانی تەقەدوم و سەرۆکی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق بەهێزترین کاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان.

لە بەرامبەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان لەلایەن حەلبوسییەوە خەمیس خەنجەر بۆ پۆستی جێگری سەرۆک کۆمار کاندید دەکرێت.

دوای روخاندنی دەسەڵاتی سەدام حسێن لە ساڵی ٢٠٠٣، پۆستە باڵاکان وەک نەریتێکی سیاسی کە بە "پشکپشکێنە" ناسراوە بەسەر پێکھاتە سەرەکییەکان لە عێراقدا دابەشکراون و پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بۆ پێکهاتەی سوننەکان بووە.













گەلەری