سەردێڕ:

وزارەتی رۆشنبیری وادەی دابەشکردنی بڕە پارەکەی بۆ رۆشنبیران و هونەرمەندان ئاشکرا کرد

PM:10:49:06/01/2022

4532 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی رۆشنبیری عێراق رایگەیاند، رۆژی دووشەممەی داهاتوو ئەوبڕە پارەی بۆ رۆشنبیران و هونەرمەندان و ئەدیب و وێنەگران و نمایشکاران و ژەنیاران تەرخانکرابوو بۆ ساڵی ٢٠٢١ دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.


ئەمرۆ پێنجشەممە، وەزارەتی رۆشنبیری عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، خەرجکردن و دابەشکردنی ئەو بڕە پارەیەی بۆ رۆشنبیران و هونەرمەندان و ئەدیب و شاعیر و وێنەگر و وێنەکێشان و خۆشنوسان و ژەنیاران تەرخانکرابوو بۆ ساڵی ٢٠٢١ رۆژی دووشەممەی داهاتوو دەستپێدەکات.

ئاماژەی بەوەشداوە، لە پێناو دڵنیابوون لەوەی پارەکە گەیشتووە بەو کەسانەی شایستەن، پێدانی پارەکە دەست بەدەست دەبێت و نابێت بریکار و کەسانی دیکە وەریبگرن و بەکەس نادرێت.

راگەیەنراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو کەسانەی ئەم بڕیارە دەیانگرێتەوە، پێویستە پێناسی سەندیکاکانیا و پێناسی باری کەسی یان کارتی نیشتیمانیان پێبێت.

لەلایەن خۆیەوە، عەلت رەزا بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی کاروباری ئیداری ئاشکرای کرد، رۆژی دووشەممەوە کاتژمێر ٨ی بەیانی دەست بە دابەشکردنی پارەکە دەکرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا وەزیری رۆشنبیری عێراق رایگەیاند، ساڵانە وەزارەتی ١٢ ملیار دینار بۆ رۆشنبیران و هونەرمەندان و ئەدیب و نمایشکار و وێنەکێش و ژەنیاران لە بودجەی گشتی تەرخاندەکات، لە هەوڵیشدایە بتوانن لە بودجەی ٢٠٢٢ بڕەکەی زیاد بکەن. بەڵام لە هەرێمی کوردستان، حکومەت هیچ هەنگاوێکی کرداری لەم بوارەدا نەک نەداوە، بەڵکو بەشێوەیەکی پێویست و شایستە ئاوڕی لە رۆشنبیران و میدیاکاران و هونەرمەندان نەداوە.













گەلەری