سەردێڕ:

زانیاری نوێ لەبارەی خزمەتی سەربازی زۆرەملێ

AM:09:30:06/01/2022

27532 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسی هێزی پیادەی سوپای عێراق دەڵێت، پەرلەمانی نوێی عێراق بڕیار لەبارەی خزمەتی سەربازی زۆرەملێوە دەدات.


قاسم محەمەدی بەرپرسی هێزی پیادەی سوپای عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "خزمەتی سەربازی گشتی زۆرەملێ وەک بڕبڕەی پشتی هێزی سەربازی وڵات دەبێت."

باسی لەوەشکردووە، "بەشداری خزمەتی سەربازی گرنگی زۆری هەیە چونکە کاتێک گەنجان بەشداردەبن لەو خولانەدا کە بۆیان دەکرێتەوە و بەشداردەبن لە هێزە چەکدارەکاندا لەوە تێدەگەن کە رۆژێک پێویستیمان پێیان دەبێت."

ئاماژەی بەوەشکردووە، پەرلەمانی نوێی عێراق بڕیار لەبارەی خزمەتی سەربازییەوە دەدات و هەموو رێوشوێنێکی پێویست گیراوەتەبەر بۆ پەیوەندیکردنی گەنجان بە خزمەتی سەربازی زۆرەملێوە، وتیشی، " هەموو پێویستییە داراییەکان گیراونەتەبەر بۆ ئەوەی بڕە پارەیەک وەک موچە بە گەنجان بدرێت لەپای بەشداریکردنیان و کردنەوەی دەرگای خۆبەخشی بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت ببمێنەوە لە سوپادا کاتێک پێویستی هەبوو."

لە ماوەی رابردوودا، عەباس سرووت ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاندبوو، "پێکهێنانی هێزێکی یەدەگ بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر هەڕەشەیەکی دەرەکی بابەتێکی گرنگە."

باسی لەوەشکردبوو، کە خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ لەسەر ئاستی جیهاندا هەیە و موچەی خزمەتەکەش ئاستی ناوچەکە لەروویی سەلامەتیی و مەترسیدارییەوە دیاریدەکرێت، وتیشی، "تەواوی خزمەتەکە لە ساڵ و نیوێک تا دوو ساڵ بۆ ئەوانەی کە بڕوانامەیان نییە دەگرێتەوە."

١ی مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوو، حەسەن نازم وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر پڕۆژەیاسای سەربازی بەزۆرەملێی دەربڕی لە چوارچێوەی پرۆژەیاسای خزمەتی ئاڵادا.

خزمەتکردنی سەربازی بەزۆرەملێ لە سەردەمی سەدام حسێن سەرۆکی پێشووتری عێراقدا جێبەجێدەکرا تاوەکو ساڵی ٢٠٠٣ و روخانی ئەو دەسەڵاتە.

ساڵی ٢٠٠٣ بەسەرۆکایەتی پۆڵ بریمەر حاکمی مەدەنی ئەمریکی لە عێراق ئەو پڕۆژەیاسایە هەڵوەشێنرایەوە و جارێکی تر سوپا پێکهێنراوەیەوە و زۆرەملێیی سەربازی کۆتایی پێهێنرا.

ل.ل













گەلەری