سەردێڕ:

ناسنامەی یەکێکی دیکە لە نقومبوانی بەلەمەکە ئاشکرا بوو

PM:06:14:28/07/2021

14316 جار خوێندراوەتەوە

پاش ئەوەی شەوی ٢٢ی ئەم مانگە، یەختێکی کۆچبەران کە لە ٤٥ کەس پێکهاتبوو و لەو رێژەیەش ٤٠ کوردی تێدابوو، ئەمڕۆ خانەوادەی یەکێک لەسەرنشینانی یەختەکە پرسەیان بۆ کوڕەکەیان لەشاری سلێمانی داناوە.


بەگوێرەی زانیارییەکان، گەنجەکە ناوی (باهۆز رەسوڵ عزەت)ە و خەڵکی گوندی کانی خێڵی شارباژێڕە، دوای ئەوەی کە هیچ هەواڵ و سۆراغێکی نەبووە، خانەوادەکەی بڕیاریانداوە کە پرسەی بۆ دابنین.

ئەمڕۆش، لەگەڕەکی کانی سپیکەی شاری سلێمانی، خانەوادەی ئەو گەنجە پرسەیان بۆ داناوە و ئەمەش لەکاتێدکدایە، تائێستا هیچ زانیارییەکی فەرمی لەبارەی مردنی ئەو گەنجە بڵاونەکراوەتەوە.

شەوی ٢٢ی ئەم مانگەدا، یەختێکی کۆچبەران بە ٤٥ سەرنیشینەوە لە نزیک دوورگەی کریتی یۆنان نقومبوو، کە ٤٠ کەسیان کورد بوون و تیایدا حەوت کەس بێسەروشوێن بوون و دواتر گیانلەدەستدانی بەشێکیان راگەیاندرا و بەشێکیشیان تا ئێستاش سۆراغیان نازانرێت.

دوا بەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکەش، ھیوا خدر نوێنەری فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەران لە توکیا بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەلەمێکی کۆچبەران لە دەریای ئیجەدا نوقم بووە، کە ٤٥ کەسی تێدابووە و وتیشی، ٤٠ کەسیان کوردن و خەڵکی دەڤەری راپەڕینن و بەشێکیان خنکاون.

بەگوێرەی ئامارێکی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتیش، تەنها لە نیوەی ساڵی ٢٠٢٠دا، نزیکەی ٢٨٠ ملیۆن کەس کۆچیان کردووە.

بەشێک لە شارەزایان هۆکارەکانی زۆری رێژەی کۆچکردن بۆ خراپی دۆخی ئابوری، سیاسی، ئەمنی، نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی رۆژانە، نەبوونی هەلی کار و ناجێگری سیستمی حکومڕانی لە وڵاتدا دەگەڕێننەوە.













گەلەری