سەردێڕ:

لە ٢٠٢١دا چەند کۆچبەر چوونەتە بەریتانیا؟

PM:04:41:05/01/2022

12584 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی بەریتانیا، لە رێگەی کەناڵی ئینگلیزییەوە لە ساڵی ٢٠٢١دا بە بەلەمی بچوک زیاتر لە ٢٨ هەزار کۆچبەر لە فەڕەنساوە پەڕیونەتەوە بۆ بەریتانیا.


ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بە پشتبەستن بە ئامارەکانی حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند، ساڵی رابردوو ژمارەی ئەو کۆچبەرانی بە کەناڵی ئیگلیزیدا لە فەڕەنساوە بە بەلەمی بچوک پەڕیونەتەوە بۆ بەریتانیا زیاترە لە ٢٨ هەزار کۆچبەر.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو قاچاخچیانەی ئەو کۆچبەرانە دەگوازنەوە داوای بڕە پارەیەکی زۆر لەو کۆچبەرانە دەکەن تا بیانگەێننە ئەو وڵاتەی دەیانەوێت، بۆ ئەو مەبەستەش بە هەزاران پاوەن بۆ ئەو گەشتە لە کۆچبەران وەردەگیرێت.

دەشڵێت، "قاچاخچییەکان ئەو کۆچبەرانە بە بەلەمی پلاستیکی خراپ بە نێو رێڕەوێکی ئاوی پڕجموجۆڵدا دەگوازنەوە."

بەگوێرەی ئاماری حکومەتی بەریتانیا تەنها لە ساڵی ٢٠٢١دا زیاتر لە ٢٨ هەزار و ٣٩٥ کەس گەشتوونەتە بەریتانیا و ئەو ژمارەیەش سێ هێندەی ژمارەی کۆچبەرانی ساڵی ٢٠٢٠ بووە.

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس راشیگەیاندووە، زۆری ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی روودەکەنە بەریتانیا لە وڵاتانای ئەوروپاوە گرفتێکی سیاسییە بۆ بۆیس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و لێشاوی کۆچبەران کاریگەری زۆری هەبووە لەسەر پەیوەندیەکانی نێوان بەریتانیا و فەڕەنسا و بەهۆی کۆچبەرانەوە کێشە لە نێوانیان دروستبووە.

لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، یەختێک لە کەناڵی ئینگلیزی سنوری نێوان فەڕەنسا و بەریتانیادا نقومبوو و کۆچبەرەکانی کە دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بوون کەوتنە ئاوەکەوە و توانرا ٢٧ تەرم دەربهێنرێت.













گەلەری