سەردێڕ:

دوو بەرپرسی حەواڵەکردنی دراو بۆ داعش دەستگیرکران

PM:09:32:04/01/2022

18012 جار خوێندراوەتەوە

سوپای عێراق دەستگیرکردنی دوو بەرپرسی حەواڵەکردنی دراو بۆ داعش لە پارێزگای کەرکوک رایگەیاند.


شانەی راگەیاندنی ئەمنیی سەربە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە پشت بەستن بە زانیارییە ھەواڵگرییەکان، ھێزەکانی دژەتیرۆر لە میانی ئۆپەراسیۆنێکدا، دوو چەکداری داعشیان لە باشوری پارێزگای کەرکوک دەستگیر کردووە.

ئاماژەی بەوە داوە، چەکدارە دەستگیرکراوەکان، بەرپرس بوون لە بەڕێوەبردنی لایەنی دارایی تایبەت بە کردە چەکدارییەکان و حەواڵەکردنی دراو بۆ داعش لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق.

لە راگەیەندراوەکدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە دەستگیرکراوەکان لە رێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە داوایان لە گەنجان دەکرد، پەیوەندی بە رێکخراوی داعشەوە بکەن و چەندین وانەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر چۆنیەتی دروستکردنی تەقەمەنی و بۆمب بڵاوکردووەتەوە.

هاوکات، "دەستگیرکراوەکان، بەپێی ماددەی چواری تیرۆر داواکرابوون".













گەلەری