سەردێڕ:

لە کەناراوەکانی ئیسپانیا ١٦ کۆچبەر لە خنکان رزگار کران

AM:08:35:04/01/2022

1840 جار خوێندراوەتەوە

تیمەکانی فریاگوزاری ئیسپانیا لە کەناراوی ئەلمێریا ١٦ کۆچبەریان رزگارکرد و تەرمی سێ کۆچبەری دیکەیان دۆزییەوە و ١٠ کۆچبەری دیکەش بیسەروشوێنن.


ماڵپەڕی هسپرێسی مەغریبی بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو دوای ئەوەی بەشێک لە کۆچبەران لە دووری ٢٤ کیلۆمەتر لە باشوری رۆژهەڵاتی رەئس گاتا لە ئیسپانیا داوای فریاکەوتنیان کردووە، تیمە فریاگوزارییەکانی ئەو وڵاتە بەهانایانەوە چوون.

ئاماژەی بەوەشداوە، تیمەکان تەرمی سێ کۆچبەریان دۆزیوەتەوە و ١٦ کۆچبەریشیان رزگارکردووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، تا ئێستا ١٠ کۆچبەری دیکە بێسەروشوێنن و تیمەکان سەرقاڵی گەڕانن بە مەبەستی دۆزینەوەیان یان دەرهێنانی تەرمەکانیا.

بەگوێرەی ماڵپەڕی هسپرێس، کۆچبەرەکان هاوڵاتی مەغریبی بوو و لە دوو لە بەلەمدا بوون، کە ١٧ کۆچبەر لە ناو بەلەمێکیاندا و ١٢ کۆچبەری دیکە لە بەلەمەکەی تریاندا بوون و سەرجەمیان ٢٩ کۆچبەر بوون.

ئەوەشی ئاشکراکردووە، هەلیکۆپتەرێک سێ کۆچبەریانی رزگارکردووە و بەلەمەکانی فریاکەوتنیش ١٣ کۆچبەری دیکەیان رزگار کردووە کە ژنێک و ١٢ پیاوبوون.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەگوێرەی حکومەتی ئیسپانیا، لە نێوان مانگەکانی کانونی دووەم تا ٣٠ ئەیلولی ساڵی ٢٠٢١ زیاتر لە ١٣ هەزار و ١٠٠ کۆچبەر لە خۆرئاوای ئەفریقاوە بۆ دوورگەکانی ئیسپانیا کۆچییان کردووە، ئەمەش بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٠ ژمارەی کۆچبەران دوو هێندە زیادیکردووە.













گەلەری