سەردێڕ:

راستی چیرۆکی کۆمەڵکوژی خێزانە ٢٠ کەسییەکەی بابل

PM:04:13:02/01/2022

15376 جار خوێندراوەتەوە

رووداوی کوشتنی ٢٠ ئەندامی خێزانێک لە ناوچەی جبەلەی پارێزگای بابل کاردانەوەی فراوانی لێکەوەتەوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق لیژنەی لێکۆڵینەوەی بۆ دەرخستنی راستی رووداوەکە پێکهێناوە و پەیامنێری کەناڵی حوڕەی عێراق چەند زانیارییەکی نوێ لەبارەی رووداوەکەوە ئاشکرادەکات.


عیسا عەتوانی پەیامنێری کەناڵی حوڕەی عێراق گرتەیەکی ڤیدیۆیی خۆی بڵاوکردووەتەوە کە تیایدا باس لە راست و دروستی روودانی کوژرانی ٢٠ ئەندامی خێزانێک دەکات لە پاریزگای بابل و دەڵێت:

بەگوێرەی زانیارییەکان کاتێک بیستمان رووداوێک لە ناوچەی جەبلە لە باکوری بابل روویداوە پەیوەندیمان کرد بە هێزە فەرمییەکانەوە، کە هێزە ئەمەنییەکانن، چونکە ئەوان نزیکترن بە رووداوەکە و بەرپرسن لەهەر لێداوانێک لەبارەی رووداوەکەوە بڵاوی بکەنەوە و دوای کاتژمێر و نیوێک لە رووداوەکە هێزە ئەمنییەکان لە رێگەی راگەیەنراوێکیانەوە هەواڵەکەیان بڵاوکردەوە.

لە راگەیەنراوەکەی هێزە ئەمنییەکاندا هاتبوو، بەشی هێزی هەواڵگری هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی کەسێکی داواکراو کە بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان بووە و دوو کەسی تیرۆرستیشی لە ماڵەکەیدا داڵدەداوە.

هەر بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، هێزەکەی هەواڵگری لە بەغداوە هاتبوون و روبەڕوبوونەوە روویداوە و بەرگرییان کردووە و ئەوانیش داوای هێزی زیاتریان کردووە، کاتێک هێزەکە دەگات، کەسە داواکراوەکە بەردەوامبووە لە بەرگریکردن و دواتر نزیکەی ٢٠ کەس لە ئەندامی خێزەنەکی خۆی کوشت و دواتر خۆشی کوشت.

عیسا عەتوانی پەیامنێری کەناڵ و ماڵپەڕی حورە لە درێژەی گێڕانەوەی رووداوەکەدا ئەوەشی خستووەتەڕوو: لە هەمان رۆژی رووداوەکە ئەم راگەیەنراوەی هێزە ئەمنییەکان بڵاوکراوەتەوە، بەڵام باوەڕم پێی نەکرد، بۆیە ناچار چوومە شوێنی رووداوەکە

رۆژی دواتر سەردانی شوێنی رووداوەکەم کرد، هێزە ئەمنییەکان پێیان وتم، ئەمە رووداوێکی تاوانکارییە بۆیە یارمەتیمان بدەن و وێنەی مەگرن، منیش ئەوەم کرد کە ئەوان داوایان کرد.

هێزە ئەمنییەکان وتییان، ئێمە سەرقاڵی لێکۆڵینەوەین بۆیە ناکرێت رێگە بدەین وێنەی بگیرێت و تۆمار بکرێت، بەڵام هەر شتێک هەبوو بەلامەوە هەڵەبوو، بۆیە لە کاتژمێر ٧ و ٣٠ خولەکی بەیانییەوە دەستم کرد بەگەڕان کرد بە ئامانجی دۆزینەوەی سەرەداوێک.

لە کاتی گەڕان و بەدواچوونەکەمدا، دانیشتوانی ناوچەکە و خزم و کەسەکانی لە بنەماڵە و عەشیرەتەکەی سەر لەبەری راگەیانراوەکەی هێزە ئەمنییەکانیان رەتکردەوە.

کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆی رۆژی شەممە بە خوشکێکی "رەحیم غرێری" گەیشتم، پێی وتم کە هێزە ئەمنییەکان درۆ دەکەن، لە بنەڕەتدا کێشەیەکی بنەماڵەیی بووە لە نێوان رەحیم و نسیبەدا، نسیبە ئەفسەرە لە بەغدا و ناوی "شەهابە" و ئامۆزای رەحیمە و برای ژنەکەشییەتی، ناکۆکی لە نێوانیاندا دروستبووە، شەهاب ئەم تۆمەتەی بۆ دروستکردووە و رەحیم و منداڵەکانی کوشتووە.

عیسا عەتوانی درێژە بە گێرانەوەی رووداوەکە دەدات و ئاشکرای دەکات: منیش لێدوانی خوشکەکەیم تۆمار کرد و راپۆرتێکم لەسەر نوسی و پێش خۆر ئاوابوون وەزیری ناوخۆ و شاندێکی باڵا لە بەغداوە هاتن و گەیشتنە بابل و شوێنی رووداوەکە و لیژنەیەکی لیکۆڵینەوەیان پێکهێنا.

بەگوێرەی راپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوەکە و زانیارییە دزە پێکراوەکان، رەحیم غرێری گەورەی خێزانەکە کێشەی لەگەڵ نسیبەی ئامۆزای هەبووە لەسەر بێزارکردنی ژنەکەی و کچەکانی.

خوشکەکەی رەحیم لە درێژەی قسەکانی وتی: رەحیم هەرگیز رازی نەبووە ژنەکەی سەردانی ماڵی باوکی و براکانی بکات و کچەکانیشی کە هاوسەرگرییان کردووە لەگەڵ ئامۆزاکانیدا رێگەی نەداوە بگەڕێنەوە لای مێردەکانیان.

خوشکەکەی دەشڵێت: رەحیم لە ژیانیدا جگە لە جوتیاری هیچ کارێکی دیکەی نەکردووە، نە بازرگانی مادەهۆشبەرەکان بووە و نە بەتەمەنی کەسی کوشتووە و نە تیرۆرستیش بووە.

عیسا عەتوانی لە زاری خوشکەکەی رەحیمەوە دەیگێرێتەوە و دەڵێت: شەهاب داوا لە رەحیم دەکات ئەو خوشک و منداڵەکانی دەوێت بگەڕێتەوە ماڵەوە و سەردانیان بکات، تۆ منداڵ و ژنەکەت کوشتووە، رەحیمیش دەڵێت، نەخێر نەم کوشتوون پارێزراون، تەنها وازم لێبێنن تێکەڵاوی یەکتر نەبین و لێرە خۆم و ژن و منداڵەکان سەرقاڵی کشتوکاڵەکەمان بین، بەنیازنیم شەڕ لەگەڵت بکەم و تەقەت لێبکەم، نسیبە دەڵێت، ئەڕۆم ماڵەکەت دەپشکنم، ئەویش دەڵێت، "بڕۆ بیپشکنە."

عیسا عەتوانی وتوویەتی: لە کاتی رۆیشتنیدا شەهاب دەچێت لە بەغداوە ئەفسەرێک بە پلەی نەقیب لە هێزەکانی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان دە‌هێنێت کە بەرپرسی خۆشی بووە، پێکەوە راگەیەنراوێکی نادروست ئامادە دەکەن و تیایدا ئاماژە بەوەدەکەن کە "رەحیم غرێری" بازرگانی ماددە هۆشبەرەکانە و لە ماڵەکەیدا دوو تیرۆرست هەن و تۆمەتبارە بە تیرۆر و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە.

دواتر لە بەغداوە مەفرەزەیەک لە هێزەکانی نە‌هێشتنی مادە هۆشبەرەکان بە پڕکەچی دەهێننە بابل و بێ ئەوەی هیچ فەرمانێکی دادگایان پێبێت.

رەحیم بە هێزەکە دەڵێت، من خۆم رادەستی شەهاب ناکەم بڕۆن وازبێنن، ئەمە کێشەیەکی خێزانییە و پەیوەندی بە ئێوەوە نییە، لە ئەنجامی ئەم دەمەقاڵەیە شەڕ لە نێوانیاندا دروست دەبێت، هێزە چەکدارەکە دەستڕێژی گولـلە لە رەحیم دەکەن و ئەویش تەقە دەکاتەوە، لە ئەنجامدا یەکێک لە هێزەکە بریندار دەکات، ئەوانیش داوای هێزی زیادە دەکەن و دەڵێن، کەسێکی داواکراو هەیە هاتووین دەستگیری بکەین، کاتێک هێزەکە دێت روبەڕوبوونەوە لە نێوانیاندا روودەدات و هێزە ئەمنییەکان بیکەیسی و دۆشکە و چەکی قورسیان بەکارهێناوە.

بەگوێرەی راپۆرتی پزیشکی دادوەری، ئەندامانی خێزانەکەی رەحیم بە هۆکاری گازی فرمێسک رێژ و دووکەڵ و ئاوەوە خنکاون.

دواتر هێزەکە، هەر ئەندامێکی خێزانەکەی رەحیم گوللـە دەنێن بەسەریانەوە و دواتریش گوللـەیەک دەنێن بەژێر چەناگەی رەحیمەوە تا بڵێن، رەحیم منداڵەکانی خۆی کوشتووە و دواتر خۆشی کوشتووە.













گەلەری