سەردێڕ:

دیارترین کاندیدەکانی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق کێن؟

PM:12:32:02/01/2022

110100 جار خوێندراوەتەوە

کێشمەکێشمی دابەشکردنی پۆستە باڵاکانی عێراق هەر سێ پێکهاتەی شیعە و کورد و سوننەی سەرقاڵکردووە و ئێن ئاڕتی ناوی دیارترین کاندیدەکان ئاشکرا دەکات.


بڕیارە یەکشەممەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات، لایەنەکانی کورد و سوننە و شیعە سەرقاڵی دەستنیشانکردنی سێ کاندیدن بۆ پۆستی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق، جگە لەهاوپەیمانی لەپێناو خەڵکدا بەسەرۆکایەتی شاسوار عەبدولواحید کە یەکەم و گەورەترین لایەنی ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی لە عێراقدا راگەیاندووە.

چاوگێکی ئاگاداریش بە ئێن ئاڕ تی وت، لە دوو ڕۆژی داهاتوودا شاندی پارتی و یەکێتیی کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی بەغدا.

سەرۆک وەزیران

حسێن عامری سەرکردە لە بزوتنەوەی حقوق کۆبوونەوەی ئەم دواییەی نێوان چوارچێوەی ھەماھەنگی و موقتەدا سەدر بە ئەرێنی ناودەبات لەگەڵ ئەوەشدا ئاشکرایکرد، "لە میانی کۆبوونەوەکەدا باس لەوە نەکراوە کە سەرۆک وەزیرانی داھاتوو کێ دەبێت."

چەند کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داھاتوو، پێشنیاز کراون لەلایەنی چوارچێوەی هەماهەنگی کە ئەوانیش ئەسعەد عێدانی (پارێزگاری بەسرە)، محەمەد شەیاع (وەزیری پێشووتری مافی مرۆڤ)، عادل موهەدەر (سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا) و حەیدەر عەبادی (سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق).

لە نێوان لایەنەکاندا لە ئێستادا پرسی گرنگ دیاریکردنی پۆستی سەرۆک وەزیرانە، کە راجیای لە نێوان ماڵی شیعەدا دروستکردووە.

چاوگێکی ئاگادار لە رەوتی سەدر بە ئێن ئارتی راگەیاند، "سەدر دوو کاندیدی سەربەخۆی دیاریکردووە وەک کاندیدی تەوافوقی، کە ئەوانیش مستەفا کازمی (سەرۆک وەزیرانی عێراق) و محمد تۆفیق عەلاوی (وەزیری پێشووتری گواستنەوە و گەیاندن و راسپێدراوی پێشووتر بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق).

سەرۆک کۆمار

بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، بڕیارە لە دوو رۆژی داهاتوودا، شاندی پارتی سەردانی سلێمانی بکات بۆ گفتوگۆکردنی پرسی پێکهێنانی حکومەتی عێراق و دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک کۆمار، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتیش دەڵێت، "لەگەڵ پارتی رێککەوتووین پێکەوە دەچینە بەغدا بۆ بەشداریکردن لە حکومەتی نوێی عێراق."

بەگوێرەی زانیارییەکان، پارتی دەیەوێت لەسەر ناوێک رێکبکەوێت لەگەڵ یەکێتیدا وەک کاندیدی هاوبەشی نێوانیان.

پێشتر ناوی هەریەک لە بەرهەم ساڵح و مەلا بەختیار و لەتیف رەشید بۆ ئەو پۆستە بوونیان هەبوو، بەڵام تا ئێستا یەکێتی بە فەرمی هیچ کەسێکی دیارینەکردووە.

عیماد ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا وتی، "لەگەڵ پارتی رێککەوتووین پێکەوە دەچینە بەغدا بۆ بەشداریکردن لە حکومەتی نوێی عێراقدا"، ئاماژەی بەوەشکرد، پۆستی سەرۆک کۆمار لای یەکێتی گرنگی خۆی هەیە و هەوڵی بۆ دەدات.

پۆستی سەرۆک کۆمار وەک نەریتێک لە دوای پرۆسەی ئازادکردنی عێراقەوە لە پشکی کوردە و لە چوار خولی پێشوودا ئەو پۆستە لە بەرامبەر پۆستی سەرۆکی هەرێم کە درابوو بە پارتی لەلایەن یەکێتییەوە بەڕێوە برابوون.

لەلایەکی دیکەوە، رێبین سەلام کادیری پێشکەوتووی پارتی دەڵێت، رێککەوتن لە نێوان پارتی و یەکێتییدا کراوە، کە هەمان سیناریۆی ٢٠١٨ دووبارە نەکرێتەوە و بە یەک کاندیدی سەرۆک کۆمارەوە بچنە بەغدا.

سەرۆکی پەرلەمان

عەبدولوەھاب بیلاوی سەرکردە لە ھاوپەیمانی عەزم (کە خەمیس خەنجەر سەرۆکایەتی دەکات) دەڵێت، "ھاوپەیمانی عەزم ھەریەک لە مەحمود مەشھەدانی، سابت عەباسی و خالید عوبێدی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کاندید کردووە."

ئاشکراشی کردووە، لەبارەی ئەو پرسەوە، لێتکتێگەیشتنیان لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگییدا ھەیە."

سەرەڕای ئەوەش، تا ئێستا محەممەد حەلبوسی سەرۆکی هاوپەیمانی تەقەدوم و سەرۆکی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق بەهێزترین کاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستەکە.

لە بەرامبەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان لەلایەن حەلبوسییەوە خەمیس خەنجەر بۆ پۆستی جێگری سەرۆک کۆمار کاندید دەکرێت.

دوای روخاندنی رژێمی سەدام حسێن لە ساڵی ٢٠٠٣، پۆستە باڵاکان وەک نەریتێکی سیاسی کە بە "پشکپشکێنە" ناسراوە بەسەر پێکھاتە سەرەکییەکان لە عێراقدا دابەشکراون.

 

بەپێی ئەو نەریتە سیاسییە، پۆستی سەرۆک وەزیرانی بۆ لایەنی شیعە و سەرۆکی پەرلەمان بۆ سوننە و سەرۆک کۆماریش پشکی کوردە.

ئەمجارە رەوتی سەدر بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر کە بەپێی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەمی رابردوو، ٧٣ کورسی بەدەستھێناوە ھەوڵدەدات حکومەتێکی زۆرینەی نیشتمانی پێکبھێنێت کە ئەوەیش یەکەمجارە لە دوای ساڵی ٢٠٠٥وە روودەدات، بەڵام پێکھێنانی حکومەتی زۆرینە لەلایەن ژمارەیەک لایەنی شیعە رەتدەکرێتەوە.

تا ئێستا نەوەی نوێ وەک یەکەم هێزی کوردی ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆی راگەیاندووە و ئامادەنییە هیچ پلە و پۆستێک لە حکومەتی نوێی عێراقدا وەربگرێت، نەوەی نوێ بە هاوبەشی لەگەڵ جوڵانەوەی ئیمتیداد و چەند پەرلەمانتارێکی سەربەخۆدا یەکەم هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنیان بە سەرۆکایەتی شاسوار عەبدولواحید لە عێراقدا پێکهێنا. 













گەلەری