سەردێڕ:

لەبارەی نرخی لیرەوە؛ ئەردۆغان داوایەکی بەپەلە لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی دەکات

PM:03:53:31/12/2021

20072 جار خوێندراوەتەوە

پاش ئەو دابەزینە بەرچاوەی نرخی لیرە لەم دواییانەدا، سەرۆک کۆماری وڵاتەکە چەندین هەوڵی داوە و لە دوایین هەنگاویشیدا رایگەیاندووە، پێویستە هاوڵاتیان پارەکانیان بە لیرە هەڵبگرن و دوور بکەونەوە لەگۆڕینەوەی پارەکانیان بۆ دراوی تر، بەوشێوەیە دەتوانن روبەرووی دابەزینی بەهای دراوەکەیان ببنەوە.


ئەمڕۆ هەینی، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە وتارێکیدا رایگەیاند، "داوا لەهەموو هاوڵاتییانم دەکەم پارەکانیان بە دراوی خۆمان هەڵبگرن، مامەڵەکانیان بە دراوی خۆمان ئەنجام بدەن، ئەمە پێشنیازی منە".

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر هاوڵاتیان پشت بە دراوی وڵاتەکە نەبەستن ئەوە وڵاتەکە بەرەو نوقومبوون دەبەن، وتیشی، ئەو دراوی خۆتانە و پێویستە رێزی لێبگرن، بەهۆی لیرەوە بەرەوپێشچوون روودەدات نەک دراوی بیانی.

سەرۆک کۆماری تورکیا داواشی لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی کردووە، زێڕەکانیان بنخەنە ناو سیستەمی بانکی وڵاتەوە، دەشڵێت، هۆکاری هەڵئاوسانە ئابوورییەکە تەنها رێژەی سوود بووە کە دەوڵەمەندەکان دەوڵەومەندتر و هەژارەکان هەژارتر دەکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەهای لیرە لەماوەی دوو مانگی رابردوودا گۆڕانکارییەکی زۆری بەخۆیەوە دیوە و بەپێی هەواڵەکانی ئەو ناوچانە، بەهۆی لەناکاو گۆڕینی بەهاکەی، یەکێکە لەو دراوانەی خەڵک خۆیان لە مامەڵەکردن پێوەی دەپارێزن.

لیرەی تورکی لەماوەی ئەمساڵدا ٣٨٪ی بەهاکەی لەدەستداوە و لەمڕۆدا ١٣٥٠ لیرە بەرامبەر بە ١٠٠ دۆلاری ئەمریکییە.

بەپێی میدیاکانی تورکیا؛ لە ماوەی مانگی رابردوودا لێدوانەکانی سەرۆککۆماری تورکیا کاریگەرییان هەبووە لەسەر بەهای لیرە کە بەرەو دابەزین و بەرزبوونەوەی بردووە، لیرەی تورکی رۆژی ٢٠ی ئەم مانگە نزمترین ئاستی مێژووی خۆی تۆمارکرد کە ١٨ لیرە بەرامبەر بە دۆلارێک بوو، بەڵام پاش تەنها رۆژێک لیرە بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و بە ١٢ لیرە بەرامبەر بە یەک دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

هەر لە ماوەی رابردووشدا، بەشێک لە پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن لە تورکیادا داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی وڵاتیان کرد، هاوکات سیاسەتەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا بە هۆکاری دابەزینی بەهای لیرە دادەنێن، ئەوەش بەهۆی بانگەشە بۆ ئابوری سەربەخۆ و سیاسەتی کەمکردنەوەی رێژەی سوودەوە.

دوای ئەو داواکاریانەش؛ ئەردۆغان رەتیکردەوە ئامادەبێت هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدات و رایگەیاند، دەبێت بووەستن؛ تاوەکە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا و لە ساڵی ٢٠٢٣دا هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت.













گەلەری