سەردێڕ:

سەرەڕای چەکە ئەتۆمییەکەی؛ ئێران موشەکێکی ئاڕاستەی بۆشایی ئاسمان کرد

PM:09:33:30/12/2021

3380 جار خوێندراوەتەوە

سەرەڕای گفتوگۆکان و کێشەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەبارەی چەکی ئەتۆمییەوە؛ ئێران موشەکێکی ئاڕاستەی بۆشایی ئاسمان کرد و ئەمریکاش نیگەرانی خۆی لەوبارەیەوە دەربری، لە کاتێكدا ئێران دەلێت، "مەبەست لە ئاڕاستەکردنی موشەکەکە سەربازی نییە" و داوای لابردنی تەواوی سزاکان دەکات لەسەر وڵاتەکەی.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەپێی راگەیاندنەکانی حکومەتی ئێران، وڵاتەکە موشەکێکی هەڵگری مانگە دەستکردەکانی ئاڕاستەی بۆشایی ئاسمان کردووە، راگەیاندنەکان باسیان لەوەنەکردووە لە چ کاتێكدا موشەکەکە ئارستەکراوە؛ یان موشەکەکە چووەتە ناو خولگەی زەوی یاخود نا.

لەو بارەیەوە، ئەحمەد حوسەینی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئێران رایگەیاند، "موشەکەکە لە جۆری "سیمۆرگی"یە و ناوی "فینێکس"ە و لە بەرزی ٤٧٠ کیلۆمەترەوە هەڵدراوە."

وتیشی، "ئامانجی سەرەکی ئەم ئاڕاستەکردنەمان پێکاوە."

میدیاکان باسیان لەوەکردووە، تەلەڤزیۆنی ئێرانی چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی هەڵدانی موشەکەکەی پەخشکردووە، کە لەسەری نووسراوە "دەتوانین". ئەوەش هاتووە، بە گوێرەی گرتەکان، لە بەیانیەیکی زوودا رەوانەی ئاسمانی بەندەری ئاسمانیی "ئیمام خومەینی" کراوە.

لەو بارەیەوە، ئەمریکا نیگەرانی خۆی دەربڕی و رایگەیاندووە "هەڵدانی مانگی دەستکردی لەو جۆرە دژی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە کە داوا لە ئێران دەکات لە هەر چالاکییەک دوورکەوێتەوە کە پەیوەستە بەو موشەکانەوەی دەتوانن چەکی ئەتۆمی هەڵگرن."

لە وەڵامدا، ئێران دەڵێت، "هەڵدانی ئەو مانگە دەستکردانە و تاقیکردنەوەی موشەکەکان هیچ مەبەستێکی سەربازی لە پشتەوە نییە."

ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممە، خولێکی نوێی گفتوگۆکانی پرسی چەکی ئەتۆمی لە ڤییەنا بەڕێوەچوو، لە ئێستاشدا، بەهۆی کشانەوەی پێشووی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆم؛ لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکادا، ئێران داوا دەکات سزاکانی لەسەر لاببرێت، بەڵام وەک میدیاکان باسی دەکەن، لە خولە نوێکەدا باس لەوە کراوە، "سزاکانی سەر ئێران کەمبکرێتەوە."













گەلەری