سەردێڕ:

لەبارەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزە نێودەوڵەتییەکان سەدر راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە

PM:04:40:30/12/2021

7064 جار خوێندراوەتەوە

دوا بەدوای سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزە نێودەوڵەتییەکانی راگەیاند و دادگای باڵا ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەسەندکرد و سەرۆک کۆماریش وادەی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی دەستنیشان کرد، لەبارەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزە نێودەوڵەتییەکانەوە موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر و خاوەنی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.


لە راگەیاندراوەکەی سەدر هاتووە، کۆتاییهاتنی ئەرکە جەنگییەکانی هێزە سەربازییە نێودەوڵەتییەکان دەبێت بە کردارەکی بێت و ئەم خاڵانە دەستەبەر بکات:

١/ داواکارییەکی فەرمی یاسایی ئاراستەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بکرێت تا پەسەندی بکات.

٢/ دەستنیشان کردنی بارەگاکان و چۆڵکردنی سەرجەم بنکە سەربازییەکان و رادەستکردنیان تەنها بە سوپای عێراقی.

٣/ ئەرکەکان بە کارنامەیەک دیاری بکرێن کە پێیوستە پێیەوە پابەندبن و سەرپێچی لێ نەکرێت.

٤/ دەستنیشانکردنی ژمارەی ئەو کەسانەی لەسەر خاکی عێراق دەمێننەوە و بەگوێرەی پێویستی بێت.

٥/ جوڵەی هەر کەسێکی دیکە و هاتن و رۆیشتنیان پێویستە بە گوێرەی یاسا دبلۆماتییە کارپێکراوەکانی عێراق بێت.

٦/ تەنها حکومەتی عێراق دەبێت سەرپەرشتی هاوکارییە لۆجستی و ئەمنییەکان بکات و هیچ لایەنێکی دەرەکی بۆی نەبێت دەستوەردان بکات.

٧/ رێزی ئاسمانی عێراق بگیرێت و بە بێ رەزامەندی حکومەتی عێراق لەلایەن هیچ لایەنێکەوە بەکار نەهێنرێت، ئەگەر وانەبوو بە دەستدرێژی دابنرێت.

٨/ عێراق دەڵەتێکی خاوەن سەروەریی تەواوە و هەر رێککەوتنێکیش لە دەرەوەی ئەمە بێت بە هەڵوەشێنراو دابنرێت.

٩/ ئەم هەنگاوە بە پێشەکیەک دادەنرێت بۆ کۆتایهێنان بە بوونی بیانییەکان تەنانەت راوێژکارەکانیش لە داهاتوودا.

١٠/ نابێت هیچ پارێزەرێک و هێزێکی ئەمنی و سەربازی لەناو باڵیۆزخانەی ئەمریکادا نەبێت و هێزە عێراقییەکان ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرن.

١١/ نوێنەر و دبلۆماتکارەکانی نێوان دوو وڵاتە پێویستە بەشێوەیەکی هاوسەنگ بێت و بەگوێرەی یاسا دبلۆماتکارییە نێودەوڵەتییە کارپێکراوەکان بێت.

١٢/ لەسەر سەرۆک وەزیران پێویستە ئەمانە جێبەجێبکات تا کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزی داگیرکەر بەشێوەی کرداریبێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە رێکەوتی ٢٩ی ١٢ی ٢٠٢١ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە تویتەر بڵاویکردەوە، "هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەرکە جەنگییەکانیان کۆتایی پێهات و تەواوی هێز و چەک و پێداویستییە سەربازییە جەنگییەکانیان بردە دەرەوەی عێراق."

باسی لەوەشکردووە، "لەمەبەدوا رۆڵی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تەنها بریتی دەبێت لە راوێژکردن و پشتیوانیکردنی هێزە عێراقییەکان بەگوێرەی ئەنجامی رێککەوتنی ستراتیجی."

لە ٢٦ی تەمموزی رابردوودا، بەغدا و واشنتن لە میانی گەڕی چوارەم و کۆتایی گفتوگۆی ستراتیجی نێوانیاندا رێککەوتن، کە ھێزەکانی ئەمریکا تا کۆتایی ئەمساڵ لە عێراق بکشێنەوە و تەنھا راوێژکارە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق بمێننەوە.

لە ماوەی رابردووشدا، چەندین جار بەرپرسانی عێراقی جەختیان لەوەکردووەتەوە، کە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکشێنەوە و ئەرکی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەگۆڕێت بۆ راوێژکاریی، مەشق و راھێنان و پێشکەشکردنی زانیاری ھەواڵگریی بە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق.













گەلەری