سەردێڕ:

کاتی یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دیاری دەکرێت

AM:11:03:30/12/2021

4096 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق داوای لە سەرۆکایەتی کۆمارکرد داوای دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بکات، بەگوێرەی وتەی چاوگێک، رەنگە ئەمڕۆ سەرۆکایەتی کۆمار لەو بارەوە مەرسومێکی کۆماری دەربکات و داوای دانیشتنی پەرلەمان بکات.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، چاوگێكی ئاگادار بە ئێن ئاڕتی راگەیاند، رەنگە ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق مەرسومێکی کۆماری دەربکات و تیایدا، بانگهێشتی پەلەمانتارانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بکات تاوەکو لە چەند رۆژی داهاتووی ساڵی نوێدا یەکەم دانیشتنی پەرلەمان ئەنجام بدەن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، دانیشتنەکەی پەرلەمانی عێراق لە ٩ یاخود ١٠ی مانگی داهاتوودا ئەنجام دەدرێت.

٢٧ی ئەم مانگە، دادگای فیدڕاڵی عێراق ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی عێراقی پەسەندکرد و دەبێت لە ماوەی ١٥ رۆژدا پەرلەمان یەکەم دانیشتنی خۆی بکات و سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانی هەڵبژێردرێن.

 

رۆژی ٢٨ی ئەم مانگە، کۆمسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق داوای لە سەرۆکایەتی کۆمار کرد ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق پەسەند بکات، دوای ئەوەی دادگای فیدڕاڵی پەسەندیکرد.













گەلەری