سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تی کاندیدی سەدر بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرا دەکات

PM:06:39:29/12/2021

49548 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێکی ئامادەبووی ناو کۆبوونەوەکەی نێوان موقتەدا سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، سەدر دوو کەسی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشنیازکردووە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، چاوگێکی ئامادەبووی ناو کۆبوونەوەکەی نێوان موقتەدا سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر هەریەک لە مستەفا کازمی و محەمەد تۆفیق عەلاوی وەک کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق پێشنیازکردووە.

چاوگەکە ئاماژەی بەوەشداوە، موقتەدا سەدر لەگەڵ هاوپەیمانی فەتح وەک هاوپەیمانێتییەکە لەگەڵیدا کۆبووەتەوە، چونکە نایەوێت لایەنەکانی دیکەی بەشدار لە چوارچێوەی هەماهەنگی بەشداری حکومەتی داهاتوودا بکەن.

باسی لەوەشکردەوە، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، پێیان باش نەبووە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراق دووبارە ئەو پۆستە وەربگرێتەوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، هەردوولا بۆچوونیان وابووە، کە دروستکردنی حکومەتی داهاتوو و دیاریکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کاتێکی زۆری دەوێت و پرۆسەیەکی دوور و درێژە.

ئەمڕۆ موقتەدا سەدر و سەرکردەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى شیعەکان کۆبوونەوە و موقتەدا سەدر رەتیکردووەتەوە حکومەتى تەوافوقى پێکبهێنرێت و داواى حکومەتى زۆرینە نیشتمانى کردووە و لە تویتێکدا دەڵێت، نە رۆژهەڵاتى و نە رۆژئاوای بەڵکو حکومەتێکی زۆرینەی نیشتیمانیان بۆ عێراق دەوێت.













گەلەری