سەردێڕ:

ماڵپەڕی حوڕە: کۆرۆنا و فلتەرەکانی سناپچات بوونەتە هۆکاری زیادبوونی جیابوونەوە

AM:09:56:29/12/2021

4324 جار خوێندراوەتەوە

ماڵەپەڕی حوڕە لە راپۆرتێکی وردەکاریدا تایبەت بە کاریگەری ڤایرۆسی کۆرۆنا و کەرەنتینکردنی هاوڵاتیان و مانەوەی زیاتریان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر جیابوونەوەی نێوان هاوسەران باس لەوەدەکات، کەرەنتین خواستی هاوسەرگیری لەرێگەی ئۆنڵاینەوە زیادیکردووە و ئەوەش گرفت دروستدەکات و لە زۆر باردا پاش ماوەیەک جیابوونەوەی لێدەکەوێتەوە.


مەڵپەڕی حوڕە راپۆرتێکی وردی لەسەر ئەو بابەتە ئەنجامداوە و دەڵێت، هاوسەرگیریکردن لەسەردەمی کۆرۆنادا بە پشتبەستن بە وێنە لەجێگەی بینینی روبەڕوی شەرعی لە وڵاتی سعودییە و چەند وڵاتێکی دیکەی خلیج زیادیکردووە.

ماڵپەڕەکە هەڵبژاردنی هاوسەری داهاتووی لە رێگەی وێنەوە بە "هەڵخەڵەتێنەر و فێڵ" ناوبردووە، هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە؛ فلتەرەکانی جوانکاری کاریگەرییان هەیە لەدروستکردنی گۆڕانکاری لە شێوازی رووخساری کەسەکان و ئەوەش بووەتە هۆی زیادبوونی رێژەی جیابوونەوە.

لەوبارەیەوە کچێکی سعودی ئاماژەی بەوەکردووە، مەبەستی نەبووە هاوسەرەکەی هەڵبخەڵەتێنێت، بەڵام ئەو شتە روویداوە کاتێک بەر لە هاوسەرگیری وێنەکانی خۆی بۆ هاوسەرەکەی ناردووە و دوای ماوەیەکی زۆر کەم لە هاوسەرگیرییەکەشی هاوسەرەکەی لێی جیابووەتەوە.

دکتۆر وەلید سەعدون راوێژکاری خێزانی لە سعودیە دەڵێت، "فلتەرەکانی سناپچات دیاردەی نەرێنی کۆمەڵایەتین کە لە هەڵبژاردنی هاوسەر و تێڕوانینی شەرعیدا بەکاردێن بە ئامانجی جوانکردنی زۆر لە ژنان یان پیاوان و گۆڕینی تایبەتمەندییەکانی روخسار بۆ شێوەی نموونەیی."

ئاماژەی بەوەشکردووە، تەکنیکی فلتەرەکانی سناپچات بەشێوەیەکی بەربڵاو کاریگەرییان هەبووە لەسەر هاوسەرەکان.

بەگوێرەی سەنتەری ئاماری سعودییە؛ لە ساڵی ٢٠٢٠دا تەڵاق لە سعودیە بە رێژەی ١٣.٨٪ بەراورد بەساڵی ٢٠١٩ بەرزبووەتەوە، ئاماژە بەوەشکراوە زۆرینەی جیابوونەوەکان لە کۆتاییەکانی ساڵەکەدابوون.

لە راپۆرتەکەدا کچێکی سعودی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت باسی لەوەکردووە، تەنها لەدوای ماوەیەکی کەم لە هاوسەرگیرییەکەی جیابووەتەوە، وتیشی، پێشتر ئەو هۆشیاریەی نەبووە و نەیزانیووە کە فلتەری سناپچاتەکەی کاریگەریەکەی بەو شێوەیە دەبێت کە هاوسەرگیرییەکەی هەڵبوەشێنێتەوە.

کچەکە چیرۆکی هاوسەرگیرییەکەی گێڕاوەتەوە و باسی لەوەکردووە، کەسێکی ناسیوە لەڕێگەی ئۆنڵاینەوە و پاشان یەکێک لە وێنەکانی ناو مۆبایلەکەی بۆ ناردووە و دواتریش چەند تۆمارێکی کورتی ڤیدیۆییان گۆڕیوەتەوە کە بە سناپچات تۆمارکراون، پاشان کوڕەکە داوای هاوسەرگیری لێکردووە و بە پەسەندکردنی هەردوولا بڕیاران داوە کە ئەنجامی بدەن.

کچەکە دەشڵێت، "ئەو مەبەستی نەبووە کە روخساری خۆی بگۆڕێت چونکە پڕۆژەی هاوسەرگیری پڕۆژەیەکی درێژخایەنی ژیانە و شتێکی بچووک نییە"، کچەکە دەڵێت، "لەسەرەتای یەکتربینینەکاندا کوڕەکە هەستی بە هەندێکی جیاوازی کردووە لە نێوان وێنەکان و روخسارمدا، بەڵام دوای شەش مانگ لە هاوسەرگیری لەسەر خواستی کوڕەکە جیابوونەتەوە."

هاوکات، پارێزەرێکیش لە بەحرەین باسی لەوەکردووە، تووشی کەیسێکی لەو جۆرەی کچە سعودییەکە بووە کاتێک پیاوێک چووەتە لای و داوای کردووە لە ژنەکەی جیاببێتەوە بەهۆی ئەوەی ناتوانێت چیتر بەرگەی بینینی بگرێت.

پارێزەرەکە لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەشکردووە، لە کەیسێکی نامۆدا پیاوێکی دیکە لەدوای ساڵێک لە هاوسەرگیری؛ داوای جیابوونەوەی کردووە، بەهۆی ئەوەی کچێکی دیکەی بینیوە هاوشێوەی ئەو وێنانەی هاوسەرەکەی بووە کە بەر لە هاوسەرگیری بۆی ناردووە.

پارێزەرەکە لەرووی یاساییەوە ئەوەی روونکردەوە، کە فلتەرەکانی سناپچات بە فێڵ و ساختەکاری ناژمێردرێن سەرەڕای ئەوەی هەندێک لە کەموکوڕتییەکانی روخسار دەشارنەوە، بەڵکو لە بەرامبەردا نەشتەرگەرییەکانی جوانکاری بە ساختەکاری هەژماردەکرێن ئەگەر بێت و پیاوەکەی لێ ئاگادار نەکرابێتەوە.

بەشێک لە توێژەران پێیان وایە کە بەکارهێنانی فلتەرەکانی سناپچات لەکاتی وێنەگرتندا دەکرێت هۆکارەکەی دۆخێکی دەرونیبێت وەک نەخۆشی OCD (نارێکی لە بیرکردنەوە و رەفتاردا) دوودڵی و نەبوونی توانای بڕیاردان و خەمۆکی بەردوام کە تێیدا کەسەکە لە روخساری خۆی رازی نییە و نایەوێت نیشانی بدات.

وەلید سەعدوون پزیشکی راوێژکاری سعودی ئەوەی راگەیاندووە، حەز و خولیا کاریگەری بەرچاوی هەیە لەسەر بڕیارەکانی مرۆڤ و رازی نەبوونیان لە خودی خۆیان ئەمەش زیاتر دەبێت کاتێک کەسەکان توشی شکست دەبن لە پەیوەندییەکانیاندا.

لاس لوقمان

هـ.ئـ


 













گەلەری