سەردێڕ:

ژاپۆن بەنیازە پێش ٢٠٣٠ کەسێک بنێرێتە سەر مانگ

AM:08:36:29/12/2021

4440 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ژاپۆن بڕیاریداوە پێداچوونەوە بە پلانەکەیدا بکات لەبارەی گەڕان و دۆزینەوەکانی سەر مانگ و بڕیاریداوە لە نیوەی دووەمی ئەم دەیەیەدا کەسێک بنێرێتە سەر مانگ.


دوێنێ سێشەممە، فۆمیۆ کیشیدا سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن پلانی وڵاتەکەی تایبەت بە گەڕان و دۆزینەوەکانی سەر مانگ خستەڕوو و ئاماژەی بەوەداوە، گەیشتن بە بۆشایی ئاسمان جگە لەوەی خەون و هیوای خەڵکی وڵاتەکەیە، بەڵکو بنچینەیەکی گرنگیشە بۆ ئابووری وڵاتەکە و رێزگرتن لە ئاسایشی ئابوری.

بەپێی دەستنووسی پلانەکە؛ ژاپۆن ئامانجییەتی یەکەم کەس کە ئەمریکی نەبێت بنێرێتە سەر مانگ وەک بەشێک لە پڕۆگرامی ئارتمیس کە "ئەوەش پلانێکی ئەمریکایە بۆ ئەوەی کەشتیوانەکانی ئاسمان بچنە سەر مانگ."

پلانەکە هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی ژاپۆن ویستی هەیە بۆ ئەوەی دەست بە گەڕان بکات لەسەر مەریخ لەساڵی ٢٠٢٤دا، لەگەڵ ئەوەی دەیەوێت چەند رێگەیەک بدۆزێتەوە بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبایی لەخۆرەوە لە بۆشاییدا .

هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا، چین لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی بتوانێت ببێتە یەکێک لەو وڵاتانەی بەشداری دەکات لە بابەتەکانی بۆشایی و گەردووندا و بەهەمان شێوەی ژاپۆن پلانی هەیە بۆ ئەوەی کەشتیوان بنێرێتە سەر مانگ.

راگەیاندنی ئامانجەکانی ژاپۆن لەبابەتی گەردوون و بۆشایی ئاسماندا دوای ئەوە دێت کە یوساکو مازاوا ملیاردێری ژاپۆنی دوای بەسەربردنی ١٢ رۆژ لە وێستگەی بۆشایی نێودەوڵەتی رۆژی ٢٠ی ئەم مانگە گەڕایەوە سەر زەوی کە بەشێک بووە لە پلانەکەی ئیلیەن مەسک بۆ ئەنجامدانی گەشتێک بە چواردەوری مانگدا لە ساڵی ٢٠٢٣دا.













گەلەری