سەردێڕ:

پسپۆڕێکی یاسایی گرێ کوێرەیەکی بەردەم پێکھێنانی کابینەی نوێ عێراق دەکاتەوە

AM:10:55:28/12/2021

5092 جار خوێندراوەتەوە

پسپۆڕێکی یاسایی عێراقی بۆ خێرا پێکھێنانی کابینەی نوێ، پێشنیارێک دەخاتەڕوو کە دەبێت سەرۆک کۆمار پێیهەستێت.


عەلی جابر تەمیمیی پسپۆڕی یاسایی عێراقی راگەیاند، بۆ یەکلایی کردنەوەی فراکسیۆنی گەورەی پەرلەمانی دوو جۆر راڤە ھەیە و سەرۆک کۆماریش لەڕێگەی ئاڕاستەکردنی داوایەکەوە بۆ دادگای فیدراڵی دەتوانێت ئەو پرسە یەکلا بکاتەوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە،‌ دادگای فیدراڵی دوو جۆر راڤەی بۆ ئەوە ھەیە  و بۆ ئەو مەبەستەش بۆچونێک ھەیە کە بۆ ساڵی ٢٠١٠ دەگەڕێتەوە و پێیوایە فراکسیۆنی گەورەی پەرلەمانی لەعێراق ئەوەیە لەڕووی ژمارەوە لەوانی تر زۆرترین ژمارەی کورسیی بەدەستھێنابێت.
ئەو پسپۆڕە یاساییە باسی لەوەش کردووە، بە گوێرەی مادەی ٤٥ یاسای ھەڵبژاردنەکان کە پێویستە جێبەجێبکرێت و ناوەڕۆکەکەی بریتییە لەوەی فراکسیۆنی زۆرینەی براوە ئەوەیە ژمارەی کورسیەکانی بەدەستھێنابێت و ئەو دەتوانێت حکومەت پێکبھێنێت .
عەلی جابر تەمیمیی ئەوەشی خستووەتەڕوو، چارەسەرکردنی ئەو فرە بۆچون و راڤانە لەسەر فراکسیۆنی زۆرینە لەڕێگەی داوایەکی سەرۆک کۆمار لەدادگای فیدراڵی دەکرێت و بەوەش ئەو دادگایە دەتوانێت فراکسیۆنی زۆرینە دیاری بکات ئەوەش لەپێناو خێراکردن لە پێکھێنانی کابینەکە.
ئەمە لەکاتێکدایە، شەوی رابردوو دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە دانیشتنێکیدا، سکاڵای سەرکردەی ھاوپەیمانی فەتح، ھادی عامری بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامە کۆتاییەکانی ھەڵبژاردنەکان رەتکردەوە و ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی رابردوو بەڕێوەچوو، پەسەند کرد.
بەپێی ئەنجامە کۆتاییەکانی ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەمی رابردووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رەوتی سەدر بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر بە بەدەستھێنانی ٧٣ کورسی بووەتە براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنەکەیە.












گەلەری