ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ بڵاویکردەوە، لە سنوری پارێزگای ئیزمیری تورکیا ٣٨٨ کۆچبەر رزگارکران.
بەگوێرەی زانیارییەکانی
ئاژانسی ئەنادۆڵ، "کۆچبەرەکان لەناو بەلەمی لاستیکیدا گیریان خواردبوو
لەکاتێکدا رزگارکرابوون و دوو کەسیش بە تۆمەتی بردنە دەرەوەی ئەو کۆچبەرانە دەستگیرکران."
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە رۆژانی ١٧ تا ٢١ی ئەم مانگەشدا، هێزەکانی
ئاسایشی كهنار دهریای تورکیا لە قەزاکانی دیکیلی و سەفەریهیساری ٢٩٥ کۆچبەریان رزگارکردووە.
رۆژی دووشەممە،
رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی بڵاویکردەوە، بەلەمێک کە ٥٧ کۆچبەری هەڵگرتبوو لە دەریایی
ناوەڕاستدا لە نزیک شاری خومسی لیبیا نقومبووە.
لەلایەکی تریشەوە،
لە شەوی ٢٢ی ئەم مانگەدا، یەختێکی کۆچبەران بە ٤٥ سەرنیشینەوە لە نزیک دوورگەی کریتی
یۆنان نقومبوو، کە ٤٠ کەسیان کورد بوون و تیایدا حەوت کەس بێسەروشوێن بوون و دواتر
گیانلەدەستدانی بەشێکیان راگەیاندرا و بەشێکیشیان تا ئێستاش سۆراغیان نازانرێت.
بەگوێرەی ئامارێکی
رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، تەنها لە نیوەی ساڵی ٢٠٢٠دا، نزیکەی ٢٨٠ ملیۆن کەس کۆچیان
کردووە.
بەشێک لە شارەزایان
هۆکارەکانی زۆری رێژەی کۆچکردن بۆ خراپی دۆخی ئابوری، سیاسی، ئەمنی، نەبوونی خزمەتگوزارییە
سەرەتاییەکانی رۆژانە، نەبوونی هەلی کار و ناجێگری سیستمی حکومڕانی لە وڵاتدا دەگەڕێننەوە.
نـ، غـ