سەردێڕ:

عەممار حەکیم هەڵوێستی خۆی لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی راگەیاند

PM:07:38:27/12/2021

5488 جار خوێندراوەتەوە

سەرکردەی رەوتی حیکمەی نیشتمانی لە عێراق راگەیاند، "وێرای ئەوەی تێبینمان لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان ھەیە، بەڵام پابەندین بە بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی لەبارەی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان"، دەشڵێت، بەشداری حکومەتی داهاتووی عێراق ناکەن.


عەممار حەکیم سەرکردەی رەوتی حیکمەی نیشتمانی لە عێراق لە تویتێکدا لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵییەوە تایبەت بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، "لە روانگەی باوەڕبوونمان بە سەرەوەریی دەستور و یاسا، وێرای ئەوەی تێبینمان لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان ھەیە، بەڵام پابەندین بە بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی لەبارەی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانەوە".

راشیگەیاندووە، "پیرۆزبایی لە کاندیدە براوەکانی ھەڵبژاردنەکان دەکەین و ھانیان دەدەین لە ئاستی ئەو بەرپرسیاریەتییەدا بن کە بۆ خزمەتکردنی گەل، دەکەوێتە سەر شانیان". داواشیکردووە، پەلە بکرێت لە پێکھێنانی حکومەتێکی لێھاتوو و نووسیوویەتی، "دووپاتی دەکەینەوە کە بەشداری لە حکومەتی داھاتوودا، ناکەین".

ئەمڕۆ دووشەممە، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ١٠ی تشرینی یەکەمی رابردووی ئەنجومەنی نوێنەرانی پەسەند کرد.

بەپێی ئەنجامە کۆتاییەکان، رەوتی حیکمەی نیشتمانیی بەسەرۆکایەتی عەممار حەکیم دوو کورسی بەدەستھێناوە.













گەلەری