سەردێڕ:

نوری مالیکی چی لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵییەوە دەڵێت؟

PM:07:01:27/12/2021

8504 جار خوێندراوەتەوە

سەرکردەی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە عێراق رایگەیاند، "ئومێدمان دەکرد دادگای باڵای فیدراڵیی دادپەروەرانە مامەڵەی لەگەڵ تانە و سکاڵاکان بکردایە."


نوری مالیکی سەرکردەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵییەوە تایبەت بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە تویتێکدا دەڵێت، "ئومێدمان دەکرد لەگەڵ ئەوەی بەڵگەی روون و سەڵمێندراو خرانەڕوو، دادگای باڵای فیدراڵیی دادپەروەرانە مامەڵەی لەگەڵ تانە و سکاڵاکان بکردایە، بەتایبەتیش ئەوەی کە پەیوەستە بە کێشەی کۆتای ئافرەتان".

نووسیوشییەتی، " پێشبینیمان ئەوەمان دەکرد کە دەکرد بەھۆی رەوشی ئێستای وڵاتەوە، ناتواندرێت ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان ھەڵبوەشێندرێتەوە و پرۆسەی ھەڵبژاردنەکانیش دووبارە ئەنجام بدرێتەوە."

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە میانی دانیشتنی ئەمڕۆی خۆیدا، ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەمی رابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی پەسەند کرد و ھەر لە میانی دانیشتنەکەدا، دادگای باڵای فیدراڵیی ئەو سکاڵایانەی کە داوای ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامە کۆتاییەکانی ھەڵبژاردنەکانیان دەکرد، رەتکردەوە.

رۆژی ٣٠ی مانگی تشرینی دووەمی رابردوو، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق، ئەنجامە کۆتایییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی راگەیاند.

بەپێی ئەنجامە کۆتایییەکان، رەوتی سەدر ٧٣ کورسی، ھاوپەیمانیی تەقەدوم ٣٧ کورسی، دەوڵەتی یاسا ٣٣ کورسی بەدەستھێناوە.

ھەروەھا پارتی دیموکراتی کوردستان ٣١ کورسی، ھاوپەیمانیی کوردستانی ١٧ کورسی و ھاوپەیمانیی عەزم ١٤ کورسی بەدەستھێناوە.

ھاوپەیمانیی فەتح، ١٧ کورسی و ئیشراقەت کانوون شەش کورسی، ھاوپەیمانیی ھێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانیی چوار کوسی، ھاوپەیمانیی عەقەدی نیشتمانیی چواری کورسی، ھاوپەیمانیی بزووتنەوەی حەسم بۆ چاکسازیی سێ کورسی، بزووتنەوەی بابلییون چوار کورسی، ھاوپەیمانیی جەماوەرمان ناسنامەمانە سێ کورسی، بەرەی تورکمانی یەک کورسی، نەوەی نوێ نۆ کورسی و بزوتنەوەی ئیمتیداد نۆ کورسی، ھەروەھا ھاوپەیمانیی تەسمیم پێنج کورسی بەدەستھێناوە.













گەلەری