سەردێڕ:

بڕیاری نوێ لە تاڵیبانەوە بۆ ژنان

PM:04:42:26/12/2021

9616 جار خوێندراوەتەوە

دەسەڵاتدارانی تاڵیبان رایانگەیاند، ئەو ژنانەی کە دەیانەوێت گەشتی دوور بکەن نابێت رێگەیان پێبدرێت مەگەر پیاوێکی نزیکی خێزانەکەیان لەگەڵیاندا بڕوات.


ئەم رێوشوێنە لەلایەن وەزارەتی رێنوێنی ئەخلاقی و رێگەگرتن لە خراپەکاری حکومەتی تاڵیبانەوە راگەیەنراوە کە تیایدا داوا لە هەموو شۆفێرەکان دەکات تەنها ئەو ژنانە هەڵبگرن کە حیجابی ئیسلامییان کردووە.

سادق ئەکیف موهاجر وتەبێژی وەزارەتی رێنوێنی ئەخلاقی و رێگەگرتن لە خراپەکاری بە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسای راگەیاندووە، "ئەو ژنانەی کە گەشتێکی دوورتر لە ٧٢ کیلۆمەتر بکەن نابێت رێگەی گەشتکردنیان پێبدرێت ئەگەر خزمێکی نزیکی پیاوی لەگەڵدا نەبێت."

ئەم رێنماییە دوای ئەوە دێت، کە وەزارەتەکە چەند هەفتەیەک پێش ئێستا داوای لە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکانی ئەفغانستان کرد چیتر ئەو فیلم و زنجیرە و درامایانە بڵاو نەکەنەوە کە ئەکتەرە ژنەکانی تیادا نیشان دەدرێت.

وەزارەتەکە داوای لە رۆژنامەوانە ژنەکانیش کردووە حیجابی تەواو بکەن، داوا لە شوفێرەکانیش کراوە لە نێو ئۆتۆمبێلەکانیان چیتر گوێ لە گۆرانی نەگرن.

لەو کاتەوەی لە ناوەڕاستی مانگی هەشتدا، تاڵیبان دەسەڵاتی ئەفغانستانی گرتەوە دەست چەندین سنوری بۆ ژنان و کچانی وڵاتەکە داناوە، سەرەڕای ئەوەی بەڵێنی دابوو رێبازێکی نەرمتر بە بەراورد لەگەڵ دەسەڵاتەکەی لە ساڵانی ١٩٩٠ـەکاندا لە بابەتی ژنان بگرێتەبەر.













گەلەری