سەردێڕ:

لەبارەی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق؛ هادی عامری هۆشداری دەدات

AM:08:47:26/12/2021

4328 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح؛ مانەوەی هەر هێزێکی ئەمریکا بەمەبەستی مەشقپێکردن و راهێنان و راوێژکاریی لە عێراق لەدوای کۆتایی ئەمساڵەوە رەتکردەوە، دەشڵێت، "ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا دەیانەوێت لە عێراقدا بمێننەوە دەبێت بەرپرسیارێتی ئەو بڕیارە هەڵەیە هەڵبگرن".


هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح کە هاوپەیمانییەکەی سیاسی گروپە چەکدارەکانی شیعەیە لە عێراق لە میانی بەشدارییکردنی لە رێوڕەسمی یادکردنەوەی قوربانیانی رزگارکردنی زڵوعییە لە پارێزگای دیالە، وتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا رایگەیاند، مانەوەی سەربازی ئەمریکا لە عێراق قبوڵ ناکەن.

باسی لەوەشکرد، "ماوەیەکی زۆرە ئاراممان گرتووە لەسەر دەرچوونی هێزە بیانییەکان لە عێراق و دوای ئەو هەموو بێنە و بەردەیە رازیی بووین کە کۆتایی ئەمساڵ دوا وادەی دەرچوونی هەموو هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا بێت لە خاکی عێراقدا، ئەمە ئامانجێکە سازشی لەسەر ناکەین".

ئەوەشی خستەڕوو، "سەروەری هێڵێکی سوورە کە هەرگیز مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێت".

هادی عامری وتیشی، "پەیامەکەم بۆ هێزەکانی ئەمریکا و حکومەتی عێراق روونە" و رایگەیاند، "پێویستە ئەوەی لەسەری رێککەوتوون زۆر بەڕوونی جێبەجێی بکەن، ئێمە هیچ دەستکاریی، ساختەکاریی، پێچ و پەنا و گۆڕانکاریی رۆڵەکان قبوڵ ناکەین، ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا دەیانەوێت لە عێراقدا بمێننەوە دەبێت بەرپرسیارێتی ئەو بڕیارە هەڵەیە هەڵبگرن".

سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح لەبارەی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکاوە ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە قبوڵ ناکەین سەروەری عێراق کەم بکرێتەوە، تەنانەت مانەوەی سەربازێک قبوڵ ناکەین نە لە بنکەی عەین ئەسەد (بنکەی ئاسمانیی لە پارێزگای ئەنبار رۆژئاوای وڵات) و نە لە حەریر (بنکەی ئاسمانیی لە پارێزگای هەولێر باکووری وڵات) نە بۆ مەشق پێکردن و نە بۆ راوێژکاریی".

هادی عامری راشیگەیاند، "ئەگەر حکومەتی عێراق پێویستی بە راهێنەر و راوێژکار هەبێت، ئەوا دەبێت گرێبەستێک دابڕێژێت کە تیایدا شوێن و ژمارە و ئەرکەکانیان دیاریی بکات".

ئەوەش دوای ئەوە دێت، رۆژی شەممەی رابردوو، هێزە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە لە بنکەی عەین ئەسەد بوون لە پارێزگای ئەنبار پێگە و چەکەکانیان رادەستی سوپای عێراق کرد.

هـ.ئـ













گەلەری