میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرێک لە ناو ماڵێکی شارۆچکەی بایندری سەر بە پارێزگای ئیزمیری ئەو وڵاتەدا، سێ منداڵ گیانیان لەدەستدا، کە خوشک و برای یەکتری بوون.
بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، لە نێو خانویەکی کۆڵانی سۆوکسوی شارۆچکەی بایندری سەر بە پارێزگای ئیزمیر بەھۆکارێکی نادیار ئاگر کەوتووەتەوە و تیمەکانی پۆلیس و بەرگریی شارستانی دەستبەجێ رەوانەی ناوچەکە کراون.
ئاماژەیان
بەوەشکردووە، تیمە پەیوەندیدارەکان، لە دوای کوژاندنەوەی ئاگرەکە چوونە نێو خانووەکە
و تەرمی سێ منداڵیان تێدا دۆزییەوە.
میدیاکان دەشڵێن،
ھەر سێ منداڵەکە خوشک و برای یەکترن، یەکیان تەمەنی ٣ ساڵە ناوی تەلحایە و دوو
منداڵەکەی دیکە کە دووانەن و تەمەنیان دوو ساڵ بووە، ناوەکانیان رامیز و یەحیایە.
باسیان لەوەشکردووە،
دوای رووداوەکە دەرکەوتووە کە دایک و باوکی منداڵەکان لە کاتی رووداوەکەدا لە ماڵەوە نەبوون.
یەکێک لە دراوسێیەکانی
ئەو ماڵە، بە ناوی شەھموز یەشار لە لێدوانێکدا رایگەیاندووە، کاتێک گەیشتووەتە شوێنی
رووداوەکە و نھۆمی سەرەوەی خانووەکە بە تەواوی گڕی گرتووە، بەمەش نەیانتوانیوە بچنە
ناو خانووەکە.