سەردێڕ:

زانیاری نوێ لەسەر ئەو یەختەی لە دورگەیەکی یۆنان بێسەروشوێن بوو

PM:01:38:22/12/2021

15352 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی رۆیتەرز لەزاری پۆلیسی سنوری یۆنانەوە بڵاویکردەوە، تەرمی کۆچبەرێک دۆزراوەتەوە و توانراوە ١٢ کۆچبەر رزگار بکرێن لەدوای رووداوی نوقومبوونی یەختەکەی شەوی رابردوو لە دورگەی فۆلیگاندرۆسی یۆنان.


هاوکات ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو ١٢ کۆچبەرەی رزگارکراون هەڵگری رەگەزنامەی عێراقی و سورین و پاش رزگارکردن براونەتە دورگەی سانتۆرینی لە وڵاتی یۆنان.

بەگوێرەی وتەی پۆلیسی پاسەوانی سنوری یۆنان پێدەچێت یەختەکە لە نێوان ٣٢ بۆ ٥٠ کۆچبەری هەڵگرتبێت و ئەوانی دیکە تا ئێستا بێسەروشوێنن، بەڵام تیمەکانی گەڕان و بەدواداچوون بەردەوامن لە هەوڵاکانیان بۆ دۆزینەوەی کۆچبەران.

ئەمەش لە کاتێکدایە، نیوەی شەوی رابردوو هەڵگورد عومەر پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، یەختێکی کۆچبەران بە ٧٠ کۆچبەرەوە کە زۆرینەیان کوردن لە کەنارئاوەکانی یۆنان داوای فریاکەوتن و هاوکارییان کردووە و پەیوەندییەکانیان پچڕاوە.

باس لەوەشکرا کە ئەو کۆچبەرانە لە تورکیاوە بە نیازی گەیشتن بە وڵاتی ئیتاڵیا رۆشتوون و بەهۆی دروستبوونی کێشەی تەکنیکیەوە، یەختەکەیان نوقومبووە.

هاوکات بەگوێرەی زانیارییەکان، زۆرینەیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن و خەڵکی کۆیە و رانییە و قەڵادزێشیان تێدایە.













گەلەری