سەردێڕ:

داھاتی زیادەی عێراق لە دابەزاندنی بەھای دینار ٩ ترلیۆن دیناربووە

PM:02:07:20/12/2021

5720 جار خوێندراوەتەوە

بەرێوەبەری ئینستیوتی ئابووری بەژمارە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، داھاتی زیادەی عێراق لە دابەزاندنی بەھای دینار لە ساڵی رابردوو ٩ ترلیۆن دینار بووە.


ئەمڕۆ دووشەممە، بیلال سەعید، بەریوەبەری ئینستیوتی ئابووری بەژمارە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، " قەبارەی خستنەرووی دۆلار لەماوەی ساڵی رابردوو لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە بە کەمترین بڕە پارە دەستیپێکرد و ئاماژەکانی لە کانوونی دووەم دەرکەوت کە لەکۆی مانگەکە تەنیا ٤٩٢ملیۆن دۆلاری خستوەتەڕوو، بەئامانجی کۆنترۆڵکردنی بەھای دۆلار و جێگیرکردنی لەسەرەوی ١٤٦ ھەزار دینار".
لەبارەی سیاسەتی بانکی ناوەندی عێراقیشەوە  بیلال سەعید ئاماژەی بەوەشدا، " داڕشتنی سیاسەتی نەختینەیی لە عێراق لەلایەن بانکی ناوەندی کاری بۆ ئەکرێت و دەسەڵاتێکی سەربەخۆی ھەیە، بۆیە بانکی ناوەندی لە رێکەوتی ٢٠ی ١٢ی ساڵی رابردووە تائێستا کە ساڵێک تێپەردەبێت، خستنەرووی دۆلاری بە ١٤٦ ھەزار دینار پەیڕەو دەکات و لەسەرەتادا تا جێگیرکردنی نرخ لەسەرەوەی ١٤٦ ھەزار دینار خستنەرووی بەشێوەیەکی کەم ئەنجام دەدا، بەڵام ئێستا پرۆسەیەکی ئاسایی پەیڕەودەکات و قەبارەی خستنەرووی بەپێی خواستی بازاڕ دەگۆرێت بەئامانجی بەرزنەبوونەوەی بەھای دۆلار لە نرخی ئاسایی".
بەرێوەبەری ئینستیوتی ئابووری بەژمارە باسی لەوەشکرد، عێراق لەماوەی ساڵی رابردوو بە فرۆشتنی  بڕی ٣٦ملیار و ٣٦٧ملیۆن و ٧٨ھەزار دۆلار و ٥٣٠ دۆلاری بە ھەزارو ٤٦٠ دینار،  بڕی ٥٣ترلیۆن و ٩٥ملیار و ٩٣٤ملیۆن و ٦٥٣ھەزار دینار ھاتوەتە بەردەستی، کە تەنیا لە ئەنجامی گۆڕانی بەھای دۆلار لە ١١٩ ھەزار دینارەوە بۆ ١٤٦ ھەزار دینار بڕی زیاتر لە  ٩ ترلیۆن و ٨١٩ ملیار و ١١١ملیۆن  و ٢٠٣ھەزار دیناری زیادە ھاتوەتە سەر داھاتەکەی.
لەلایەکی دیکەوە، بەگوێرەی راپۆرتێکی شیکاریی ئینستیوتی ئابووری بەژمارە لە ماوەی یەک ساڵی رابردوو (٢٠/١٢/٢٠٢٠ تاوەکو ٢٠/١٢/٢٠٢١)، بانکی ناوەندی عێراق  بڕی ٣٦ملیار و ٣٦٧ملیۆن و ٧٨ھەزار و ٥٣٠ دۆلاری رەوانەی بازاڕەکانی عێراق کردووە و بەمەش لەماوەی ساڵی رابردوو داھاتی زیادەی عێراق لە دابەزاندنی بەھای دینار ٩ترلیۆن دینار بووە.
لە شیکاریەکەی ئابووری بەژمارەدا دەرکەوتووە، بەرزترین ئاستی خستنەڕوو لە مانگی ئابدا روویداوە کە بڕەکەی ٤ ملیار و   ٧١١ ملیۆن و ٣٤٤ ھەزار و ١٠٩ دۆلار بووە، بەڵام کەمترین بڕی  لەمانگی کانونی دووەم روویداوە کە بڕەکەی ٤٩٢ملیۆن و ٦٩ھەزارو ٧١ دۆلار بووە.
ئەمە لەکاتێکدایە، ساڵی رابردوو، حکومەتی عێراق گۆڕانکاری کرد لە بڕ و نرخی فرۆشتنی دۆلاردا و نرخی خستنەڕوی لە ١١٨ ھەزار دینارەوە بەرزکردەوە بۆ ١٤٥ ھەزار دینار.












گەلەری