سەردێڕ:

ئەم نیشانەیە دەرخەری ئەوەیە جگەرت نەخۆشە

PM:05:11:18/12/2021

17336 جار خوێندراوەتەوە

زیادەرەویکردن لە خواردنی شەکر و خواردنەوە کهولییەکان زیان بە جگەر دەگەیەنێت بە جۆرێک ناچار دەکات سەردانی پزیشک بکەیت، بەڵام شەوانە هەستکردن بە خوران ئاماژەیە بۆ بوونی گرفت لە جگەردا.


ماڵپەڕی بێست لایف ئۆنلاین لە بابەتێکدا نوسیوویەتی، پزیشکان رایدەگەیەنن ئەگەر شەوان هەستت بە خورانی جەستە کرد مانای وایە ناڕێکییەک لە جگەردا هەیە، لە هەندێک حاڵەتیشدا خوران پەیوەندیی بە نەخۆشی جگەرەوە هەیە، ئاشکرایانکردووە لە درەنگی شەو یان لە کاتی شەودا خورانەکە توندتر بێت مانای بوونی گرفتە لە جگەردا.

ویندی هۆلاند پەرستاری شارەزا لە چاودێریکردنی نەخۆشانی جگەر رایگەیاندووە، یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی جگەر دەردانی جۆرە ماددەیەکە کە جەستە پێویستی نییە و لە ڕێگەی زراوەوە ئەو کارە دەکات.

ئاماژەی بەوەکردووە، ئەگەر جگەر لەکارکەوت یان گرفتی تەندروستی توشبوو، ئەو ئەندامە هەوڵدەدات ڕزگاریبێت لە ماددەی زەرداو ئەویش لە ڕێگەی پێستەوە ئەو کارە دەکات هەر بۆیە خوران ڕوودەدات.

لیان بۆستنی پزیشک وتوویەتی "خورانی پێستی ئەو کەسانەی نەخۆشی جگەریان هەیە کاریگەریی نەرێنی لەسەر پەلەکان دەبێت، بەتایبەت زیاتر لەناو لەپی دەست و بنی پێدا ڕوودەدات و پەڵەی زەرد لە پێستدا دەردەکەوێت، لە شەوانیشدا خورانەکە زیاتر دەبێت و پلەی گەرمی بەرز دەکاتەوە."

پزیشکان ئامۆژگاری خەڵکی دەکەن، لەکاتی هەستکردن بە زەردبوونی پێست یان چاو لەگەڵیدا خورانی پێست هەبێت باشترە پشکنین بۆ جگەر بکرێت.

ئ.ل













گەلەری