سەردێڕ:

چەند گۆڕانکارییەک لە وەزارەتی گەنجینە و دارایی تورکیادا کرا

PM:12:52:16/12/2021

6184 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی خراپی دۆخی دارایی و بەردەوام دابەزینی بەهای لیرەی تورکییەوە، لە وەزارەتی گەنجینە و دارایی تورکیادا چەند گۆڕانکارییەک ئەنجامدرا.


بڕیاری گۆڕانکارییەکان لە رۆژنامەی فەرمی کۆماری تورکیادا بڵاوکراوەتەوە و واژۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری لەسەرە، کە بریتییە لە لەکارلابردنی شاکر ئەرجان گول و مەهمەت حەمید یڵدرم لە پۆستی یاریدەدەرانی وەزیری گەنجینە و دارایی و دانانی مەحمود گورجان و یونس ئەلیتاش لە جێیان.

لە بڕیارەکاندا ئەوەش هاتووە، عەبدوڵا بایەزید بەڕێوەبەری گشتی دابینکردنی دارایی لە وەزارەتی گەنجینە و دارایی و ئەحمەد یاڵچن کایا بەڕێوەبەری گشتی لێکۆڵینەوە و پڕۆگرامی ئابوریی لە پۆستەکانیان لابران.

لەلایەکی دیکەشەوە، یەعقوب ئاسارکایا، کرایە سەرۆکی دووەمی دەزگای چاودێری و رێکخستنی بانکداریی و هەریەکە لە مستەفا باڵجی و ئۆلجای توران کرانە ئەندامی دەزگاکە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ناوخۆی تورکیا ١٥٠٠ لیرە بەرامبەرە بە ١٠٠ دۆلار و لیرە دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە و چاودێرانی ئابوری هۆکارەکەی دەگەڕێننەوە بۆ بڕیارەکانی بانکی ناوەندی تورکیا بۆ کەمکردنەوەی رێژەی سوود.













گەلەری