سەردێڕ:

سەرۆکی روسیا و سەرۆکی چین کۆبوونەوە

PM:09:24:15/12/2021

3020 جار خوێندراوەتەوە

ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا لەگەڵ شی جین پینگ سەرۆکی چین کۆبووەوە و باسیان لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی وڵاتەکانیان و هەماهەنگییەکانی نێوانیان کردووە.


سەرۆکی هەردوو وڵات لەو کۆبوونەوەیەی کە لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە ئەنجامیاندا و زیاتر لە یەک کاتژمێری خایاند، لەو بەشەی کە کراوەبوو بە رووی رۆژنامەنووساندا بۆ راگەیاندنەکان دووان.

پوتین باسی لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کرد و ئاماژەی بەوە کرد، ئەو پەیوەندیانە نموونەیەکە بە واتای هاریکاری لە نێوان دەوڵەتەکاندا لە سەدەی ٢١دا.

ڤلادیمێر پوتین ئاماژەی بەوەشکردووە، "سەرەڕای ڤایرۆسی کۆرۆنا هەمیشە لە دیداردا بووین لەگەڵ لایەنی چیندا، لە نێوان وڵاتەکانماندا هاریکاریەکی نوێمان لەسەر بنەماکانی وەک دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆ و رێزگرتن لە بەرژەوەندی یەکتری و پێداگربووین لەسەر گۆڕینی سنوورە هاوبەشەکان بۆ ئاشتییەکی هەمیشەی و دراوسێیەتی باش."

سەرۆکی رووسیا جەختی لەسەر بەهێزبوونی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان رووسیا و چین کردەوە و وتی، "قەبارەی بازرگانی دووقۆڵی لە کانوونی دووەم و تشرینی دووەمی ئەمساڵ ٣١٪ زیادیکردووە و ژمارەی پێوانەییمان شکاند، وەک رێککەوتین لەسەری لە کاتێکی نزیکدا، سنووری ٢٠٠ ملیار دۆلار تێدەپەڕێنین."

ڤلادیمیر پوتین باسی لەوەکرد، لە بواری وزەی ئەتۆمی، پیشەسازیی و تەکنەلۆجیای باڵادا، بەردەوامن لەسەر جێبەجێکردنی پرۆژەی هاوبەش.

لای خۆیەوە سەرۆکی چین ئاماژەی بەوە کرد، جیهان چووەتە قۆناغێکی گەورەی گۆڕانەوە و وتی، ''پەیوەندییەکانی چین و روسیا هەموو ئاستەنگەکانیان تێپەڕاند و هێزی مانەوەیان نیشاندا و دووبارە هەستانەوە."

شی جین پینگ راشیگەیاندووە، ''چین و روسیا بەشێوەیەکی پێداگرانە لە بابەتەکانی پەیوەست بە بەرژەوەندییەکان و هەستیاری نەتەوەیی کە گرنگن، پشتیوانی لەیەکتر دەکەن و لەگەڵ ئێوەدا، بەشێوەی جۆراوجۆر دیداری نزیک درێژە پێ دەدەین لە بابەتە هەستیارەکانی رۆژدا."













گەلەری