سەردێڕ:

دوو بومەلەرزەی بەھێز لە دوو ناوچەی عێراق روویدا

AM:08:46:15/12/2021

8764 جار خوێندراوەتەوە

وێستگەکانی چاودێریکردنی بومە لەرزەی عێراق رایگەیاند، دوو بوومەلەرزەی بەھێز لە باشور و خۆرھەڵاتی وڵات روویدا.


ئەمڕۆ چوارشەممە، وێستگەکانی چاودێریکردنی بومەلەرزە لە عێراق راگەیەنراوێکییان بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە، بومەلەرزەیەک لە پارێزگای خوزستانی ئێران بە گوڕی ٤.٥ پلە بەپێوەی رێختەر روویداوە و لە ناوچەکانی باشوری وڵات ھەستی پێکراوە.
ئاماژەی بەوەشدا، بومەلەرزەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر ١٢ و ٢٣ خولەک و ٤ چرکە روویداوە.
راگەیەنراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، بومەلەرزەیەکی دیکە لە سەرپێڵی زەھاو لە ئێران بە گوڕی ٣.٦ پلە بە پێوەری رێختەر بە دووری ٤٠ کیلۆمەتر لە شاری خانەقینەوە روویداوە.
دەشڵێت، بومەلەرزەکە کاتژمێر ١ و ٢ خولەک و ٢ چرکە روویداوە.  
راگەیانراوەکە باسی لەوەشکردووە، لە شاری خانەقین و دەوروبەری کە نزیکن لە سەرپێڵی زەھاو ھەست بە بومەلەرزەکە کراوە.
بومەلەرزە؛ رووداوێکی سروشتییە، بەھۆی جوڵانی پلێتەکانی ژێر زەوییەوە دروستدەبێت و لەسەر ئاستی جیھان چەند چرکەیەک جارێک بومەلەرزە روودەدات، بەڵام ژمارەیەکی زۆر کەمیان ئەوەندە بەھێزن کە ھەستیان پێبکرێت.












گەلەری