ھاوپەیمانی عەرەبی رایگەیاند، لە زنجیرە ھێرشێکدا لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا بۆ سەر چەکدارانی حوسی لە پارێزگای مەئریب لە ناوەڕاستی یەمەن و کەناراوەکانی رۆژئاوای ئەو وڵاتە، ٢١٥ چەکداری حوسییەکان کوژراون.
ھێزەکانی ھاوپەیمانی عەرەبی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٣٥ ئۆپەراسیۆنی ئاسمانییان بۆ سەر حوسییەکان لە پارێزگای مەئریب و سێ هێرشی دیکەیان کردووەتە سەر حوسییەکان لە کەناراوەکانی خۆرئاوای یەمەن.
ئاماژە بەوە کراوە، لەو ئۆپەراسیۆنانەدا لە مەئریب زیاتر
لە ٢٠٠ چەکداری حوسی کوژراون و لە کەناراوەکانی خۆرئاواش ١٥ چەکدار و ٢٣ ئۆتۆمبێل تێکشکێنراون.
جەنگی ناوخۆی یەمەن
لە کاتێکدا حوسییەکان لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٤ەوە کۆنترۆڵی
سەنعای پایتەخت و چەند ناوچەیەکیان کردووە، ھێزەکانی ھاوپەیمانی عەرەبی بە رابەرایەتی
سعودیە لە ئاداری ٢٠١٥ەوە تا ئێستا دژ بە حوسییەکان، پشتیوانی لە حکومەتی یەمەن دەکەن.
لە ماوەی رابردوودا شەڕ و پێکدادانەکانی ئەو وڵاتە لە مەئریب
و دەوروبەری چڕتر بووەتەوە کە یەکێکە لە قەڵا گرنگەکانی حکومەت و دەوڵەمەندە بە یەدەگی
نەوت و غاز.