سەردێڕ:

لێدوانە جیاوازەکان لەبارەی مانەوە و کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق

PM:11:59:10/12/2021

5484 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بەرگری عێراق رایگەیاند، زۆربەی سەربازانی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە وڵات دەرچوون و لەبەرامبەریشدا فەرماندەی ناوەندی ھێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، نزیکەی دوو ھەزار و ٥٠٠ سەربازمان لە عێڕاق دەمێنێتەوە.


ئەمرۆ ھەینی، وەزارەتی بەرگریی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە، زۆربەی سەربازانی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعشی لە وڵات دەرچوون و ژمارەیەکیان ماونەتەوە کە ئەرکیان پێشکەشکردنی ھاوکاریی و راوێژ دەبێت بە ھێزە ئەمنییەکان.

لەبارەی ھێزەکانی ئەمریکاوە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان سەربە وەزارەتی بەرگریی عێراق لە راگەیەنراوێکیدا ئاشکرای کرد، عێراق و ئەمریکا رێککەوتوون لەسەر گواستنەوەی ھێزە شەڕکەرەکانی ھاوپەیمانان بۆ دەرەوەی عێراق و بە فەرمی کۆتاییھاتنی ئەرکی ئەو ھێزانە لە عێراق رابگەیەنن اماژەی بەوەشداوە، زۆربەی ئەو ھێزانە وڵاتەکە جێدەھێڵن و ئەوانی دیکەش لە رۆژانی داھاتوودا دەردەچن، و تەنھا ژمارەیەک راوێژکار شوێنی ھێزەکانی پێشوو دەگرنەوە، بە ئامانجی پشتگیریکردنی ھێزە ئەمنییەکان لە عێراق.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەندامانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی "ئەوانەی کە لە عێراقدا دەمێننەوە" ئەرکیان پێشکەشکردنی پشتیوانی و راوێژ دەبێت بە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق.

لەبەرامبەردا، لە چوارچێوەی چاوپێکەوتنێکیدا، لەگەڵ رۆژنامەی "ئەسۆشیەتید پرێس"ی ئەمریکی، فرانک ماکینزی فەرماندەی ناوەندی ھێزەکانی سوپای ئەمریکا رایگەیاند، سەرباری ئەوەی رۆڵی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە ھێزی شەڕکەرەوە بۆ ھێزیی مەشق و راوێژکاریی دەگۆڕێت، بەڵام ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پێدانی پاڵپشتی ئاسمانی و ھەر پێویستییەکی دیکە بۆ عێراق لە شەڕی دژ بە داعش.

لەبارەی ژمارەی ئەو سەربازانەی سوپای وڵاتەکەی لە عێراقدا دەمێننەوە فەرماندەی ناوەندی ھێزەکانی سوپای ئەمریکا ئاشکرای کرد، "نزیکەی دوو ھەزار و ٥٠٠ سەربازمان لە عێڕاق دەمێنێتەوە".

وتیشی، "عێراقییەکان دەیانەوێت لە عێراق بمێنینەوە و ئێمەش دەمێنینەوە."

پێشتر جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە کۆتایی مانگی کانونی یەکەمی ئەمساڵ تەواوی ھێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراقدا دەکشێنەوە. بەڵام فرانک ماکینزی فەرماندەی ناوەندی ھێزەکانی سوپای ئەمریکا لەوەڵامی ئاسۆشیەیتد پرێسدا وتی، "ھێزەکانمان تا دوای مانگی کانونی یەکەمیش لە عێراق دەمێننەوە".

دەشڵێت، "عێراقییەکان دەیانەوێت کە ئێمە لە عێراق بمێنینەوە و لەگەڵیان بین، بەشداربین لەو ئاڵنگاریانەی کە دێتە رێگایان و ئێمەش لەگەڵیان دەمێنینەوە."

رۆژی ٢٦ تەمموزی ئەمساڵ، لە کۆشکی سپی لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا، پاش کۆتایی ھاتنی کۆبوونەوەی لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق، جۆ بایدنی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، "تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢١ تەواوی ھێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکشێنەوە".













گەلەری