سەردێڕ:

دوای دەستبەرداربوونی لە پۆستەکەی مێرکڵ ئەم کارە دەکات

PM:11:46:10/12/2021

18108 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا رایگەیاند، لەدوای دەستبەرداربوونی لە پۆستەکەی بەرنامەی ئەوەی داناوە دەست بکات بە نوسینەوەی بیرەوەرییەکانی وەک راوێژکاری یەکەمی ئەڵمانیا کە بۆ ماوەی ١٦ ساڵ لەو پۆستەدا بووە.


بەیت باومان کە ھاوکاری یەکەمی ئەنگێلا مێرکڵ راوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا بووە باسی لەوەشکرد، مێرکڵ پلانی ئەوەی ھەیە بیرەوەرییەکانی بنوسێتەوە و لەدوای ئەوەی ماوەی ١٦ ساڵ لە دەسەڵاتدا بووە.
ھاوکارەکەی ئاماژەی بەوەشدا، مێرکڵ نیازی ئەوەی ھەیە تەواوی بڕیارە سیاسییەکانی بنوسێتەوە بەشێوازی خۆی بۆ ئەوەی روونی بکاتەوە کە چۆن گەشتووەتە ئەوەی ھەر یەک لەو بڕیارانە بدات.
ھاوکات باس لەوەش کراوە، کتێبەکە بەرھەمێکی ھاوبەش دەبێت لە نێوان مێرکڵ و ھاوکارەکەیدا و تەواوی بیرەوەرییەکانی دەگێڕێتەوە لە سەرەتای ساڵانی ١٩٩٠ـەوە تا کاتی خانەنشینبوونی لە چوارشەمەی ئەم ھەفتەیەدا.
پێشتر، لەبارەی چۆنییەتی بەسەر بردنی ژیانی، ئەنگێلا مێرکڵ رایگەیاند، دوای دەستبەرداربوونی لە پۆستی راوێژکاریی لە شوقەکەیدا لەبەرلین سەرقاڵی بەڕێکردنی ژیان دەبێت و خانوی بنەماڵەکەشییان لە ئۆکرمارک بەکاردەھێنێت.
ماڵپەڕی نۆڤۆستی روسی بڵاویکردەوە، ئەنگێلا مێرکڵ راوێژکاری ئەڵمانیا لەگەڵ یواکیم سوێری ھاوسەری، کە ھەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە زانستی کیمیا و مامۆستای زانکۆیە، لەباڵەخانە چەند نھۆمییەکەیاندا لەناوەڕاستی بەرلینی پایتەخت پێکەوە دەژین.
ئەمە لەکاتێکدایە، ئەنگێڵا مێرکڵ بۆماوەی ١٦ ساڵە راوێژکاری ئەڵمانیابووە و لەسەر ئاستی ناوخۆی وڵات و جیھان کاریگەری و رۆڵی بەرچاوی ھەبووە لە ئاراستەکردنی سیاسەتی یەکێتی ئەوروپا و نەخشەی سیاسی جیھانی. لە دوا دەستکەوتەکانی توانی بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە روبەڕوی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببێتەوە و بە یەکێک لە سەرۆکە سەرکەوتووەکانی جیھان ھەژماربکرێت. رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٨ی ١٢ی ٢٠٢١ پاش چەندین ھەفتە لە گفتوگۆ و دانووستان، پەرلەمانی ئەڵمانیا "بوندێستاگ" ئۆلاف شولتسی بە راوێژکاری ئەڵمانیا و جێگرەوەی مێرکڵ ھەڵبژارد.












گەلەری