سەردێڕ:

سودانی: رێگە نادەین عێراق پەلکێشی ناو ململانێکان بکرێت

PM:05:17:02/03/2026

940 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتیمانی کرد و وتی، "رێگە نادەین هیچ لایەنێک عێراق پەلکێشی ناو شەڕ و ململانێکان بکات".


ئەمڕۆ دووشەممە ٢ـی ئەزاری ٢٠٢٦، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتیمانی کرد کە کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی پەرەسەندنە ئەمنییە مەترسیدارەکانی ناوچەکە و پاراستنی ئاسایشی ناوخۆی عێراق.

بە گوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، سودانی فەرمانی ئاراستەی سەرجەم دەزگا ئەمنییەکان کرد کە بە توندی رووبەڕووی هەر کارێک ببنەوە کە ئاسایش و سەقامگیری وڵات دەخاتە مەترسییەوە.

جەختیشی کردەوە کە حکومەت رێگە بە هیچ لایەن یان گروپێک نادات عێراق پەلکێشی ناو ئەو ململانێ و شەڕانە بکات کە لە ئێستادا لە ناوچەکەدا لەئارادان.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا جەخت کرایەوە کە حکومەتی عێراق پابەندە بە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان و رێگە نادات هێرش بکرێتە سەر باڵیۆزخانەکان یان زیان بە دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان بگات.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئاماژەی بەوە کرد، بڕیاری شەڕ و ئاشتی و جوڵەی سەربازی تەنها لە دەسەڵاتی دەوڵەت و دامەزراوە دەستوورییەکاندایە و خاکی عێراق نابێت بۆ ململانێی دەرەکی بەکاربهێنرێت.

بەهۆی مەترسییەکانی پەرەسەندنی شەڕ، وەزیرانی نەوت، بازرگانی و کارەبا لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بوون، سودانی و وەزیرەکان پلانی نائاساییان بۆ دابینکردنی وزە و سووتەمەنی و پاراستنی ئاسایشی خۆراک تاوتوێ کرد، تاوەکو لە کاتی فراوانبوونی شەڕدا هاوڵاتییان تووشی قەیرانی بژێوی و وزە نەبن.

حکومەت دووپاتی کردەوە کە مافی گردبوونەوە و خۆپیشاندانی ئاشتییانە پارێزراوە، بەڵام پێویستە هەموو هەنگاوەکان لە چوارچێوەی یاسا نیشتمانییەکاندا بن و نەبنە هۆی تێکدانی ئارامیی گشتی.













گەلەری