فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ھێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، لەدوای کشانەوەی ھێزەکانی وڵاتەکەی لە ئەفغانستان، رێکخراوی ئەلقاعیدە بەڕێژەیەکی کەم گەشەی کردووە، بەمەش ھۆشداریدا لە دووبارە سەرھەڵدانەوەی ئەو رێکخراوە لە ئەفغانستانەوە.
ئەمرۆ ھەینی، فرانک ماکنزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ھێزەکانی ئەمریکا بە ئاژانسی ھەواڵی ئاسیۆشەیتد پرێسی راگەیاند، سەرکردەکانی تاڵیبان لە ئەفغانستان لە ئێستادا دابەش بوون بەسەر دوو بەرەدا بەرامبەر بە پابەندبوون بەو بەڵێنەی ساڵی ٢٠٢٠ دایان لەبارەی پچڕاندنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ رێکخراوی ئەلقاعیدەدا.
ئاماژەی بەوەشدا، لەدوای کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە مانگی ئابی ئەمساڵدا، بەرێژەیەکی کەم رێکخراوی ئەلقاعیدە گەشەی کردووە.
ئەوەشی خستەڕوو، کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان چاودێری کردن و بەدواداچوونی رێکخراوی ئەلقاعیدەی لە روی ھەواڵگرییەوە قورستر کردووە، چونکە لە ئێستادا بەڕیژەی ١-٢٪ی سەربازەکانیان لەو وڵاتەدا ماونەتەوە.
فرانک ماکنزی وتیشی، لە رێگەی سنورە لاوازەکانی ئەفغانستانەوە ژمارەیەک چەکدار لەوڵاتە دراوسێکانەوە دزەیان کردووەتە ناو ئەو وڵاتەوە.
دوای رووداوەکانی ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٠١ ئەمریکا ھێرشی کردە سەر ئەفغانستان و کۆتایی بە دەسەڵاتدارێتی بزوتنەوەی تاڵیبان ھێنا. لە مانگی ئابی ئەم ساڵدا جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا کشانەوەی سەرجەم ھێزەکانی وڵاتەکەی لە ئەفغانستان راگەیاند و بەمەش لەماوەی کەمتر لە ١٠ رۆژدا چەکدارانی تاڵیبان دوای بیست ساڵ توانییان تەواوی ئەفغانستان کۆنتڕۆڵ بکەنەوە.
لە نێوان ساڵانی ١٩٩٦ تا ٢٠٠١ لەماوەی دەسەڵاتدارێتی بزوتنەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان، بزوتنەوەکە پەیوەندیەکی بەھێزی لەگەڵ رێکخراوی ئەلقاعیدەدا ھەبوو، بەشێوەیەک ببووە تاکە پەناگەی رێکخراوەکە و ئوسامە بن لادنی دامەزرێنەر و کەسی یەکەمی رێکخراوەکە.