سەردێڕ:

نەتەوەیەکگرتووەکان: داڕمانی ئابوری ئەفغانستان بەبەرچاومانەوە روودەدات

PM:02:05:10/12/2021

5656 جار خوێندراوەتەوە

یاریدەدەری ئەمینداری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی رایگەیاند، داڕمانی ئابوریی ئەفغانستان بەبەرچاومانەوە روودەدات و دەشڵێت، "داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین کە رێکاریی پێویست بگرێتەبەر."


لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی "ئەسۆشیەتید پرێس"ی ئەمریکی، مارتن گریفیت یاریدەدەری ئەمینداری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی ئاماژەی بەوەکردووە، سەرباری هاوکارییە مرۆییە بەپەلەکان، پێویستە وڵاتانی جیهان کاربکەن بۆ گەیاندنی پاڵپشتی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک پەروەردە، نەخۆشنخانەکان، کارەبا و پێدانی موچەی فەرمانبەرانی حکومەت بۆ خەڵکی ئەفغانستان.

پێشتر، رێکخراوە مرۆییەکانی سەر بە نەتەوەیەکگتووەکان بڵاویانکردەوە، لەسەرەتای مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵەوە نزیکەی ٢٢.٨ ملیۆن هاوڵاتی ئەفغانی، کە زیاتر لە نیوەی دانیشتوانەکەی دەکات، روبەڕوی " کەمبوونەوەی بەرچاوی خۆراک دەبنەوە."

یاریدەدەری ئەمینداری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی دەشڵێت، "هەموومان دەبینین کە داڕمانی ئابوری ئەفغانستان بەبەرچاومانەوە روودەدات، تەنانەت هەموو هەفتەیەک قۆناغێک لە داڕمانی دەبینین."

خراپی دۆخی ئابوری و گوزەرانی هاوڵاتی و خێزانە ئەفغانییەکان لە ئاستێکدایە، کە هەندێک لە خێزانە ئەفغانییەکان دەستیانکردووە بە فرۆشتنی پێداویستی خانوو و ئۆتۆمبێلەکانیان، تەنانەت ئەو خێزانانەشی کە ئەوەیان دەستنەکەوتووە، هەستاون بە فرۆشتنی کچە منداڵەکانیان، یان تەنانەت بە شوودانیان.

مارتن گریفیت ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا نزیکەی چوار ملیۆن منداڵ لە ئەفغانستان لە خوێندن دابڕاون، لە ماوەیەکی نزیکی داهاتوودا نۆ ملیۆن منداڵی دیکەش لە خوێندن دادەبڕێن، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە ٧٠٪ی مامۆستاکانی ئەو وڵاتە بەهۆی وەرنەگرتنی موچەکانیانەوە، ناچنەوە ناوەندەکانی خوێندن.

رۆژی ١٥ی مانگی ئابی ئەمساڵ، چەکدارانی تاڵیبان، پاش کۆنتڕۆڵکردنەوەی زیاتر لە ٢٠ گەورە ویلایەتی ئەفغانستان، چوونە نێو کابوڵی پایتەختەوە.

ئەفغانستان، دانیشتوانەکەی ٣٨ ملیۆن کەسە و نزیکەی ٤.٥ ملیۆن کەس لەکابوڵی پایتەختدا دەژین کە دەکاتە ١٢٪ رێژەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی ئەفغانستانەوە.













گەلەری