ھاوپەیمانی عەزم بەسەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر ھاوپەیمانێتییەکی سیاسی نوێیان بە بەشداری ٣٤ پەرلەمانتار پێکھێنا بەمەبەستی بەشداریکردن لە حکومەتی نوێی عێراق.
ئەمرۆ پێنجشەممە، ھاوپەیمانێتی عەزم پێکھێنانی ھاوپەیمانێتییەکی سیاسی "گونجاو و بەھێز" لە ٣٤ ئەندام پەرلەمانی نوێ راگەیاند.
کۆنفرانسە رۆژنامەنوسییەکە کە لە شاری بەغدا و بەئامادەبوونی سەرۆکی پارتە سیاسییەکان و ھاوپەیمانێتییەکان بەڕێوەچوو تیایدا ئاشکرا کرا، "ئەوان لە ساڵی ٢٠١٨ دا کاغەزی دانوستانیان پێشکەشکردووە بۆ دۆزینەوەی رێگە چارەیەکی ریشەیی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان و چارەسەرکردنی کێشەی دەستگیرکراوەکان و بابەتە ئەمنییەکانی پارێزگاکان بەمەبەستی روبەرووبونەوەی چەکدارانی داعش".
ھاوپەیمانێتییەکە بریتین لە پەیمانی نیشتیمانی و پارتی گەلی نیشتیمانی و چەند پەرلەمانتارێکی دیکەی سەربەخۆ.
ئاماژەیان بەوەشدا، خەمیس خەنجەر تاکە کەسە بتوانێت رای ھاوپەیمانێتییەکە دەرببڕێت لەبارەی دانوستانەکان و ھەڵبژاردنی نوێنەرەکان بۆ بەشداربوون.
لە ئێستادا ھێزە سوننیەکان دابەشبوون بەسەر دوو فراکسیۆنی عەزم و تەقەدومدا و کێبڕکێ لەسەر پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دەکەن.
ئەمە لەکاتێکدایە، ھەفتەی رابردوو کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی راگەیاند و ئەنجامەکانی رەوانەی دادگای باڵا کرد بە مەبەستی پەسەندکردنی. لە ئێستادا پارت و لایەن و لیستە براوەکان و کاندیدە سەربەخۆ سەرکەوتووەکان لە ھەوڵی پێکھێنانی لایەن و لیستی نوێی پەرلەمانن بە ئامانجی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق.