موقتەدا سەدر هۆشداری بە لایەنە سیاسییەکان دەدات لەبارەی دۆخی عێراق و دەڵێت، لەپێناو چەند کورسییەک خەریکە دۆخەکە تێک دەچێت، باس لە گەڕانەوەی تیرۆر بۆ ناوچەی مەخمور و ئەو تەقینەوانەی روویانداوە لە بەسڕە دەکات.
موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر بڵاویکردەوە، ئەو رووداوانەی ئەم دواییانە لە ناوچەکانی مەخمور و بەسڕە و چەند ناوچەیەکی دیکە روویانداوە ئاماژەیەکی رونن بۆ خراپتربوونی بارودۆخی سیاسی عێراق.
رێبەری رەوتی سەدر هۆشداریی داوە لەبارەی ئەوەی وڵاتەکە
بەرەو مەترسی زیاتر دەچێت لەسەر چەند کورسییەکی پەرلەمان و داوا دەکات، کاربکرێت بۆ
دانانی سنورێک بۆ ئەو کەسانەی چەک هەڵدەگرن بە پاساوی بەرگری یان هەر هۆیەکی دیکە
و رێکخستنەوەی تەواوی ملیشیا چەکدارەکان لەناوخۆی وڵات.
سەدر باسی لەوەش کردووە، پێشبینی بڵاوبوونەوەی گەندەڵی لە
جومگەکانی دەسەڵاتدا دەکات و دەشڵێت، ''ئەمە ئێمە سوورتر دەکات لەسەر بەگژداچوونەوەی
گەندەڵی جا بکەرەکەی هەر کێ بێت و هەرچیەک بێت.''
وتیشی، ئەگەر چارەسەرێک بۆ ئەمە نیە، ئەوە حکومەتی زۆرینەی
نیشتیمانی چارەسەرە و دەتوانێت هەموو هێزەکان یەکبخات لەژێر چەتری یاسادا و کەس بەدەسر
نییە لێی.
لە کۆتایی قسەکانیشیدا موقتەدا سەدر ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان
داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن کە لێکۆڵینەوە لە هەموو کارە تیرۆرستییەکان
بکەن و وتی "داواکارە لەخودا سەبوری شەهیدەکان بدات و برینی بریندارەکان بەزووترین
کات چارەسەربێت".
ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ٢ی ئەم مانگەدا، چەکدارنی داعش ھێرشیانکردە
سەرگوندی خدرجیجە و لە ئەنجامدا ١٣ پێشمەرگە و ھاوڵاتی شەھیدبوون و چەند کەسێکی دیکەش
برینداربوون.
لە شەوی ٢٧ی مانگی رابردوو، لە ناحیەی کوڵەجۆی گەرمیان
داعش ھێرشیکردەسەر سەنگەرەکانی پێشمەگە و لەکاتێکدا یارمەتی بۆ ھێزەکان رۆشتبوو بۆمبێک
بە ئۆتۆمبێلێکی پێشمەرگەدا تەقییەوە و پێنج پێشمەرگە شەھید بوون و چوار پێشمەرگەش
بریندار بوون.
لە ٢٩ی مانگی رابردووشدا، لە سنووری کفری لەلایەن چەکدارانی
داعش ھێرشکرایە سەر ھێزەکانی پێشمەرگە و لە ئەنجامی ھێرشەکەشدا دوو پێشمەرگە شەھید
بوون و سێ پێشمەرگەی دیکەش برینداربوون.