سەردێڕ:

کچە عێراقییەک دەبێتە وەزیر لە حکومەتی ئەڵمانیادا

PM:01:52:08/12/2021

15384 جار خوێندراوەتەوە

کچە عێراقییەکی تەمەن ٣١ ساڵان بە وەزیری دەوڵەتی حکومەتی فیدڕاڵی ئەڵمانی دەستنیشانکرا و سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی ماکلنبۆرگی فۆربومرنی ئەڵمانیاش پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی ئەو کچە عێراقییەکرد، دەشڵێت، "لەکارەکانیدا سەرکەوتووە".


کچە عێراقییەکە ناوی "رییم عەبالی رادوڤان"ە و تەمەنی ٣١ ساڵە، لەسەرەتای ئەمساڵەوە پۆستی بەڕێوەبەریی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی وەرگرتووە، دوای سەرکەوتنیشی لە ھەڵبژاردنەکانی ئەیلولی ئەمساڵیشدا، بە ئەندامی پەرلەمانی ئەو وڵاتە ھەڵبژێردرا.
ریم عەبالی لەسەرەتای ئەمساڵەوە پەیوەندی بە پارتی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانیاوە کردووە و لە ئێستاشدا، لەلایەن ھاوپەیمانیی "ئەمپیڵ"ەوە وەک وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری کۆچ و ئاوارە و پەنابەران دەستنیشانکراوە. 
لەبارەی ھەڵبژاردنەکەشییەوە وەک وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، مانوێڵا سچویسگ سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی ماکلنبۆرگی ئەڵمانیا کە لە پارتی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانیایە، پێشوازیی لە ھەڵبژاردنی ریم عەبالی کردووە و وتوشییەتی، "ریم لەکاتێکدا کە پۆستی بەڕێوەبەریی ھەبوو لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی، سەرکەوتووبوو لەکارەکانیدا". 
ریم عەبالی لە ئێستادا تەمەنی ٣١ ساڵانە، لەساڵی ١٩٩١ لە مۆسکۆ لە خێزانێکی عێراقی لەدایکبووە، بە منداڵی و لەتەمەنی شەش ساڵیدا، لەگەڵ خانەوادەکەی ھاتووەتە ئەڵمانیا و قۆناغەکانی خوێندنیی لە ئەڵمانیا تەواوکردووە، پێش ھەڵبژاردنیشی لە ھەڵبژاردنە فیدڕاڵییەکەی ئەڵمانیا، پۆستی کارگێڕیی دەوڵەتیی ھەبوو لە حکومەتدا.













گەلەری