سەردێڕ:

لێکۆڵەرانی ئەفریقای باشور: ڤایرۆسى گۆڕاوى ئۆمیکرۆن بە سستى بڵاودەبێتەوە

PM:11:12:06/12/2021

3044 جار خوێندراوەتەوە

توێژینەوەیەکی نوێ لەبارەی گۆڕاوی ئۆمیکرۆنەوە ئاشکرای دەکات، نیشانەکانی نەخۆشیەکە هێواشتر بە بەراورد بە جۆرەکانی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاودەبێتەوە.


بەپێى توژینەوەیەکی لێکۆڵەرانی ئەفریقای باشور، ‏نیشانەکانی نەخۆشییەکە لە توشبوواندا هێواشترە بەراورد بە جۆرەکانی دیکەی کۆرۆنا.

ئەو لێکۆڵەرانە ئاماژەیان بەوەشکردوە، لە نەخۆشخانەیەکی ناوچەی ‏گۆتەنگ-ی ئەفریقای باشوور کە ناوەندی بڵاوبوونەوەی ئۆمیکرۆنە لە سەرەتای کانوونی یەکەمەوە ٤٢ ‏تووشبووی کۆرۆنا چوونەتە نەخۆشخانە، کە زیاتر٧٠٪ـیان پێویستیان بە ئۆکسجین ‏نەبووە، تەنها نۆ لەو تووشبووانە پێویستیان بە ئۆکسجین بووە.

ڤایرۆسی ئۆمیکرۆن نوێترین گۆڕاوی کۆرۆنایە و لە ئەفریقای باشورەوە سەریهەڵدا، لێکۆڵەرانی ئەفریقای باشوریش دەڵێن، هیچ بەڵگەیەک نییە ئۆمیکرۆن مەترسیدارتر بێت لە ڤایرۆسەکانی دیکە. هاوکات پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەکەن، ڤاکسینی فایزەر بە رێژەیەکی زۆر بەرگریی دژی ڤایرۆسی ئۆمیکرۆن دابیندەکات.

رۆژی ٢٦ی مانگی رابردوو، رێکخراوی تەندروستی جیهانی جۆرێکی نوێی "ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو"ی دەستنیشانکرد و بە "ئۆمیکرۆن" ناوزەندی کرد.

ڤایرۆسە نوێیەکەی کۆرۆنا، ناوە پزیشکیەکەی بریتییە لە"B.1.1.529"، کە جۆرێکی دیکەی گۆڕاوی ڤایرۆسی کۆرۆنایە؛ کە ئەو ڤایرۆسە توانای گۆڕینی خۆی هەیە بەگوێرەی بارودۆخەکان کە ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانی، چونکە بەگوێرەی وتەی زانایانی بواری پزیشکی، ئەو نیشانە و تایبەتمەندییانەی کە ڤایرۆسی کۆرۆنا هەیەتی، دەتوانێت ببێتە هۆی لاوازکردنی سیستەمی بەرگری جەستەی هەندێک کەس.

ئۆمیکرۆن، جیاوازترە لە جۆرەکانی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و جۆرەکانی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو، هێشتاش پسپۆڕان نازانن کە جۆرە نوێیەکە دەبێتە هۆی زیانی گیانی زیاتر بەبەراورد بە جۆرەکانی دیکەی کۆرۆنا یان نا.













گەلەری