سەردێڕ:

ماددەی هۆشبەر لە باڵەخانەی پەرلەمانی بەریتانیا دۆزرایەوە

PM:03:04:06/12/2021

3200 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامە باڵاکانی پەرلەمانی بەریتانیا هەڕەشەی بەکارهێنانی سەگی پۆلیسی لەناو پەرلەمان دەکەن، دوای ئەوەی لە ١١ شوێن لەناو باڵەخانەی پەرلەمانی بەریتانیادا ماددەی هۆشبەر دۆزرایەوە.


لێکۆڵەرانی بواری ماددە هۆشبەرەکانی بەریتانیا توانییان لە ١١ شوێن لەناو پەرلەمانی ئەو وڵاتە، دوای گەڕان و پشکنین و تاقیکردنەوە شوینەواری بەکارهێنانی ماددەی کۆکاین بدۆزنەوە.

هاوکات، رۆژنامەی سەندەی تایمز بڵاویکردەوە، یەکێک لەو شوێنانەی ماددەکەی تێدا دۆزراوەتەوە گەرماوەکەی نزیک نوسینگەی بۆریس جۆنسۆنی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و بریتی باتیل وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتەیە.

لەلایەن خۆیەوە، لیندسی هویڵ سەرۆکی ئەنجومەنی گشتی رایگەیاند، پۆلیسی ئاگادارکردووەتەوە دوای ئەوەی دەرکەوتووە ماددەی هۆشبەر لەناو توالێتەکانی باڵەخانەی پەرلەمان و باڵەخانەی پۆرتۆکۆلیسی نزیک پەرلەمان دۆزراوەتەوە کە نوسینگەی ژمارەیەکی زۆر ئەندام پەرلەمانەکان و بەرپرسانی تێدایە.

جارلز وۆکەر پەرلەمانتار لە فراکسیۆنی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا، کە سەرۆکایەتی لیژنەی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ دۆسییەکە دەکات وتوویەتی، ئەنجومەنی گشتی مێژوویەکی کۆنی هەیە لە بەکارهێنانی سەگی پۆلیسی بۆ دۆزینەوەی تێنیتی و هەر ماددەیەکی دیکە کە بتەقێتەوە، هەر بۆیە رەنگە پێویست بکات ئەمجارە بەکاربهێنرێن بۆ دۆزینەوەی ماددەی هۆشبەر لەناو باڵەخانەی پەرلەماندا.













گەلەری