سەردێڕ:

عێراق لەبارەی دۆخی گوندی لھیبانەوە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە

PM:01:51:06/12/2021

11796 جار خوێندراوەتەوە

شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاند، گوندی لھیبان لە ئێستادا پارێزراوە و چەکدارانی داعش ھیچ خانوویەکی گوندەکەشییان نەسوتاندووە.


ئەمڕۆ دووشەممە، شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە، ھێزە ئەمنییە ھاوبەشەکان لە ئێستادا کاردەکەن بۆ گەڕاندنەوەی دانیشتوانی گوندەکە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
ئاماژەی بەوەشدا، پێشتر گوندەکە لەلایەن چەکداری داعشەوە ھەڕەشەی لەسەربووە.
لەراگەیەنراوەکەدا ھاتووە، لە ئێستادا گوندەکە بەتەواوەتی پارێزراوە لەلایەن ھێزەکانی فیرقەی چواردەی سوپای عێراق و ھێزی میحوەری پێنجی ھێزەکانی پێشمەرگەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، ٤ی ئەم مانگە، چەکدارانی داعش ھێرشیانکردە سەر گوندی لھێبان لە ناحیەی سەرگەڕانی سەر بە پارێزگای کەرکوک و شەڕ و روبەڕوبوونەوە لە نێوان ھاوڵاتیانی گوندەکە و چەکدارانی داعش روویدا.
شەوی ٢ی ئەم مانگەش، چەکدارانی داعش ھێرشیانکردە سەر گوندی خدرجیجە لە بناری قەرەچوغ، لە ئەنجامدا ١٣ پێشمەرگە و ھاوڵاتی شەھید بوون و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.












گەلەری