سەردێڕ:

جێگری سەرۆکی هەرێم: بۆیە حاڵمان جوانە ئەو پەرلەمانتارانەی یەكێتی و پارتی نوێنەری خەڵكن

AM:11:46:06/12/2021

12552 جار خوێندراوەتەوە

جێگری سەرۆکی هەرێم رایگەیاند، هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە هی ئەوە نییە داعش تێکبشکێنێت و پێشمەرگە بە بیروباوەڕ و بەخوێن ئەو شەڕەی کردووە نەک بەو چەک و تەقەمەنییانە، دەشڵێت، "بۆیە حاڵمان جوانە ئەو پەرلەمانتارانەی یەكێتی و پارتی نوێنەری خەڵكن."


جه‌عفه‌ر مسته‌فا جێگری سەرۆکی هەرێم بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، "داعش نەک هەر مەترسییەکانی بەردەوامە، بەڵکو ئێستا داعش زیاتر مەترسیدارترە تا کاتی هاتنیان."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "لەبەر ئەوەی کاتی هاتنیان ببوەوە هۆی دروستبونی دوو جەبهە، کە هێزی پێشمەرگە خەتێکی بەرگری دروستکردبوو، بەڵام ئێستا شەڕی پارتیزانی دەکەن تەنها مەبەستییان شەهیدکردنی پێشمەرگە یان بریندارکردن یاخود زیانە لە کەلوپەلەکان و تەقەمەنییەکان، مەبەستییان شوێن گرتن نییە."

باسی لەوەشکردووە، "عێراق لە بری ئەوەی هێزەکانی بێن ئەو بۆشاییە پڕبکەنەوە، بەڵام هاتوون هێڵێکی بەرگرییان بەرامبەر پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان داناوە."

راشیگەیاندووە، "کەمتەرخەمی یەکەم لەم دۆخە دەگەڕێتەوە بۆ عێراق کە ناتوانێت ئەمنییەت بۆ خەڵکی ئەو ناوچانەی ژێر دەسەڵاتی خۆی دابینبکات و هۆکارێکی تر ئەوەیە ئێستا داعش بە شێوەی پارتیزانی هێرشەکان دەکەن."

جه‌عفه‌ر مسته‌فا دەشڵێت، "پێشمەرگە پێویستی بە مەشقێکی تەواو هەیە هەم بۆ بەرگری هەم بۆ روبەڕوبوونەوەی ئەم کارانەی کە ئەمڕۆ داعش ئەنجامی دەدات، لەبەر ئەوە پێشمەرگە پێویستی بە مەشقی بەردەوام هەیە، بەڵام تاکو ئێستا هێزەکانی پێشمەرگە وەک پێویست مەشقییان پێنەکراو."

لە وەڵامی پرسیاری "ئایا ئەو چەک و تەقەمەنی و یارمەتییە سەربازییانەی هاوپەیمانان لە کوێن کە دراون بە پێشمەرگە؟"، جەعفەر مستەفا وتی، "ئەو هاوکارییانەی کە هێزی هاوپەیمانان پێشکەشی پێشمەرگەیان کردووە بابێن حسابی لەسەر بکەن بزانین ئەو هاوکاری و یارمەتییانە هی ئەوەیە کە داعش تێکبشکێنێت؟ پێشمەرگە بە بیروباوەڕ و بەخوێن ئەو شەڕەی کردووە نەک بەو چەک و تەقەمەنییانە."

ئەوەش لەکاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە چەکدارانی داعش هێرشەکانیان بۆ سەر سەنگەرەکانی هێزەکانی پێشمەرگە زیاتر کردووە و بەوهۆیەوە ٢٢ پێشمەرگە و سێ هاوڵاتی شەهید بوون.

جێگری سەرۆکی هەرێم وتووشییەتی، "بۆیە حاڵمان جوانە ئەو پەرلەمانتارانەی یەكێتی و پارتی نوێنەری خەڵكن، ئەوانە یاسا دەردەکەن، ئەوانە پارێزەری مافی تاکە کەسن، ئەوانە بەرگری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان دەکەن، بۆیە حاڵمان واجوانە، ئەوانە هاتونەتە ناو ئەو پەرلەمانەوە کە ئەسڵەن مرۆڤ نازانێت چۆن باسی بکات."













گەلەری