سەردێڕ:

ژمارەی پێشمەرگە شەهیدەکانی پردێ بەرزبووەوە

AM:09:50:06/12/2021

30820 جار خوێندراوەتەوە

پاش ئەوەی شەوی رابردوو لە پردێ داعش هێرشیکردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە و شەڕ و روبەڕوبوونەوە روویدا و چەند پێشمەرگەیەک شەهید بوون، لە ئێستادا ژمارەی شەهیدەکان بۆ چوار پێشمەرگە بەرزبووەوە.


شەوی رابردوو، چەکدارانی داعش لە کەلی قەرەسالم لە ناحیەی پردێی پارێزگای کەرکوک هێرشیانکردە سەر سەنگەرێکی هێزی پێشمەرگە و هێرشەکە بۆ سەر فەوجی ٣ی لیوای ١٢٦ی ھێزەکانی پێشمەرگە بووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، لەکاتی شەڕەکەدا دەستبەجێ سێ پێشمەرگە شەهید بوون، بەڵام لە ئێستادا ژمارەکە بۆ چوار شەهید بەرزبووەوە.

هاوکات، وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەنراوێکدا وتی، بەهۆی هێرشەکەی داعشەوە شەهید و بریندار لە ریزەکانی پێشمەرگەدا هەیە و دواتر "تیرۆریستان راونران و بارودۆخەکە کۆنتڕۆڵکرا."

ئەمڕۆ دووشەممە، لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و فەرماندەکانی پێشمەرگە لەبارەی هێرشەکانی ئەم دواییەی داعش و روبەڕویان لەگەڵ پێشمەرگەدا کۆدەبنەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ٢ی ئەم مانگەدا، چەکدارنی داعش ھێرشیانکردە سەرگوندی خدرجیجە و لە ئەنجامدا ١٣ پێشمەرگە و ھاوڵاتی شەھیدبوون و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.

شەوی رابردووش، گروپی چەکداری داعش ساتی هێرشکردنە سەر گوندی خدرجیجە کە دەکەوێتە بناری چیای قەرەچوغ بڵاوکردەوە و لە راگەیەندراوێکیشدا "بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی پەلامارەکە راگەیاند."

لە شەوی ٢٧ی مانگی رابردوو، لە ناحیەی کوڵەجۆی گەرمیان داعش ھێرشیکردەسەر سەنگەرەکانی پێشمەگە و لەکاتێکدا یارمەتی بۆ ھێزەکان رۆشتبوو بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلێکی پێشمەرگەدا تەقییەوە و پێنج پێشمەرگە شەھید بوون و چوار پێشمەرگەش بریندار بوون.

لە ٢٩ی مانگی رابردووشدا، لە سنووری کفری لەلایەن چەکدارانی داعش ھێرشکرایە سەر ھێزەکانی پێشمەرگە و لە ئەنجامی ھێرشەکەشدا دوو پێشمەرگە شەھید بوون و سێ پێشمەرگەی دیکەش برینداربوون.













گەلەری