سەردێڕ:

لەسەر هێرشەکانی داعش.. سەرۆکی هەرێم و فەرماندەکانی پێشمەرگە کۆدەبنەوە

AM:09:10:06/12/2021

8312 جار خوێندراوەتەوە

پاش هێرشە بەردەوامەکانی داعش بڕیارە ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێم و فەرماندەکانی پێشمەرگە کۆببنەوە.


ئەمڕۆ دووشەممە، هێرش قادر پەیامنێری ئێن ئاڕ تی وتی، لەبارەی هێرشەکانی ئەم دواییەی داعش و روبەڕویان لەگەڵ پێشمەرگەدا، سەرۆکی هەرێم و هەردوو جێگرەکەی و بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ لە کۆبوونەوە دەبنەوە.

شەوی رابردوو، چەکدارانی داعش لە کەلی قەرەسالم لە ناحیەی پردێی پارێزگای کەرکوک هێرشیانکردە سەر سەنگەرێکی هێزی پێشمەرگە و هێرشەکە بۆ سەر فەوجی ٣ی لیوای ١٢٦ی ھێزەکانی پێشمەرگە بووە.

هاوکات، وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەنراوێکدا وتی، بەهۆی هێرشەکەی داعشەوە شەهید و بریندار لە ریزەکانی پێشمەرگەدا هەیە و دواتر "تیرۆریستان راونران و بارودۆخەکە کۆنتڕۆڵکرا."

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ٢ی ئەم مانگەدا، چەکدارنی داعش ھێرشیانکردە سەرگوندی خدرجیجە و لە ئەنجامدا ١٣ پێشمەرگە و ھاوڵاتی شەھیدبوون و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.

شەوی رابردوو، گرووپی چەکداری داعش ساتی هێرشکردنە سەر گوندی خدرجیجە کە دەکەوێتە بناری چیای قەرەچوغ بڵاوکردەوە و لە راگەیەندراوێکیشدا "بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی پەلامارەکە راگەیاند."

لە شەوی ٢٧ی مانگی رابردوو، لە ناحیەی کوڵەجۆی گەرمیان داعش ھێرشیکردەسەر سەنگەرەکانی پێشمەگە و لەکاتێکدا یارمەتی بۆ ھێزەکان رۆشتبوو بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلێکی پێشمەرگەدا تەقییەوە و پێنج پێشمەرگە شەھید بوون و چوار پێشمەرگەش بریندار بوون.

لە ٢٩ی مانگی رابردووشدا، لە سنووری کفری لەلایەن چەکدارانی داعش ھێرشکرایە سەر ھێزەکانی پێشمەرگە و لە ئەنجامی ھێرشەکەشدا دوو پێشمەرگە شەھید بوون و سێ پێشمەرگەی دیکەش برینداربوون.













گەلەری