سەردێڕ:

خشتەی پێدانی کارەبای مۆلیدە گۆڕانی بەسەردا ھات

AM:11:41:05/12/2021

27040 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، خشتەی کارپێکردنی موەلیدە ئەھلییەکان و دابینکردنی کارەبا بۆ ھاوڵاتییان لە مانگی کانونی یەکەمدا بەجۆرێکە کە لەنێوان کاتژمێر ٧ی بەیانی تا ١ی شەو دەبێت. دەشڵێت، "لە کاتژمێر ١ی شەو بۆ ٧ی بەیانی مۆلیدەکان کاریان پێناکرێت".


ئەمڕۆ یەکشەممە، لیژنەی دیاریکردنی نرخی مۆلیدە ئەھلییەکانی سلێمانی رایگەیاند، نرخی یەک کاتژمێر کارەبای مۆ‌لیدە لە مانگی رابردودا "تشرینی دووەم" لە ‌نێوان ١٠ ھەزار بۆ ١١ ھەزار و ٥٠٠ دینار بووە، ماوەی پێدانی کارەباش لەلایەن مۆلیدەکانەوە بۆ ئەم مانگە لە نێوان کاتژمێرەکانی ٧ی بەیانی بۆ ١ی شەو دەبێت.
ھەروەھا، لیژنەی دیاریکردنی نرخی مۆلیدە ئەھلییەکانی سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا، نرخی کارەبای مۆلیدە ئەھلییەکانی بۆ مانگی رابردوو ‌لەسەر بنەمای نرخی سوتەمەنی لەبازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان و نرخی کاتژمێرەکانی کارکردنی مۆ‌لیدەکان دیاریکراوە.
بەگوێرەی کۆنوسی کۆبونەوەی لیژنەکە، کارکردن و تەرخانکردنی کارەبا لەلایەن مۆ‌لیدە ئەھلییەکانەوە بۆ ھاوڵاتیان لە مانگی رابردودا لەنێوان ٢١٥ بۆ ٢٥٠ کاتژمێردا بووە و ھەر کاتژمێرێک بە  ٤٦ دینار دیاریکراوە،‌ بەمەش نرخی یەک ئەمپێڕ کارەبای مۆ‌لیدەی ئەھلی لە ناوشاری سلێمانی بۆ ئەو مانگە لە نێوان ١٠ ھەزار بۆ  ١١  ھەزار و ٥٠٠ دینار دەبێت.
لیژنەکە جیاوازی نرخەکەیان گەڕاندووەتەوە بۆ جیاوازی کارپێکردنی مۆ‌لیدەکان لەگەڕەکێک بۆ گەڕەکێکی دیکە و باسیان لەوەشکردووە ئەو مۆلیدانەی کە دوو فیدەرن لە ‌کاتی بڕانی یەکێک لە دوو فیدەرکە نابێت مۆ‌لیدەکانیان کاربکات چونکە دەبێتە ھۆی دروستبونی کێشە.
ئەمە لەکاتێکدایە، ھەر ئەمرۆش وەزارەتی کارەبای ھەرێم لە راگەیەنراوێکیدا ئاماژەی بەوەدا، "ھاوڵاتییانی کوردستان ئاگادار دەکەینەوە کە بە ھۆی ھەڵکشانی خواست لەسەر کارەبا بۆ ٦٠٠٠ مێگاوات و ھاتنی شەپۆلێکی سەرما و سۆلە، ماوەکانی پێدانی کارەبا بۆ ١٠-١٢ کاتژمێر کەم بووەتەوە".
لەماوەی سی ساڵ حوکمڕانی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی کێشەی کارەبا بە چارەسەر نەکراوی ماوەتەوە و یەکێکە لە کێشە بنەڕەتییەکانی ھاوڵاتییان، لەکاتێکدا بەردەوام  بەرپرسانی حوکمی و حزبی لەکابینە یەک لەدوایەکەکانی حکومەتی ھەرێمدا مژدەی چارەسەرکردنی دەدەن و ھیچ ھەنگاوێکی کرداریش نانێن.












گەلەری